ڕۆژانە تەرمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی تونس دەدۆزرێتەوە

لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، تەرمی زیاتر لە ١٠ کۆچبەر کە کەناراوەکانی سەفاقس لە تونس، دۆزرایەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی ئاسایشی نەتەوەیی، لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، شەپۆلەکان تەرمی ١٠ کۆچبەریان هێناوە بۆ کەناراوەکان. ئەوە زانراوە، کۆچبەرانە بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێک لە نزیک کەناراوی سەفاقس خنکاون. لێکۆڵینەوە دەستی پێ کردووە بۆ زانینی ناسنامەی کۆچبەرەکان.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ڕاڵیتس، تاڕادەیەک، هەموو ڕۆژێک ئەم ڕووداوانە لە کەناراوەکانی هەرێمەکە دووبارە دەبنەوە.

لەلایەکی ترەوە، نزیکەی مانگێکە سەدان کۆچبەر لە سنووری نێوان لیبیا و تونس گیریان خواردووە.

لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە، دەسەڵاتی تونس دەستیکردووە بە سنوورداشکردنەوەی کۆچبەران، بەم هۆیەوە قەیرانەکە ڕوویدا.

هەروەها ناردنی کۆچبەران بۆ هەرێمە بیابانییەکان لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە، لەکاتێکدا ئاو و خواردن و پەناگە لەوێدا بەردەست نییە.

بەگوێرەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی لیبیا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لانی کەم ١٧ کۆچبەر لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتەکەدا گیانیان لەدەستداوە.