گەلێکی بێ ناسنامەی ئێران؛ بەلوچ

ئاشکرا بوو هەزاران بەلوچ، کە یەکێکە لە گەلە خۆجێیەکانی ئێرانی، هێشتا بێ ناسنامەن.

بەرپرسانی ئێران، بەهۆی ئەوەی بەلوچەکانی ئەفغانستان و پاکستان جلوبەرگی هەمان نەتەوە لەبەر دەکەن ناسنامەیان پێ نادەن. گەلی بەلوچ بێبەشن لە ناسنامە. ناتوانن منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن، هەربۆیە ناچارن تەنیا جوتیاری و ئاژەڵداری بکەن.

ئەو بەلوچانەی کە لەسەر خاکی خۆیان بێ ناسنامەن لە دژی هەژاریش تێدەکۆشن. بەلوچ زۆرتر لەو گەڕەکانە نیشتەجێن کە لە دەرەوەی شارن و ناتوانن شوێنی کارەکانیان بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن. ناتوانن مۆڵەتی لێخووڕین وەرگرن، مافی ئەوەشیان نییە کە بە فەرمی زەماوەندی هاوسەرگیری بکەن.

بە بێ ناسنامە دەژین

بەلوچ لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، کرمان، خوراسانی ئێران و لە گەلێک پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران دەژین. ئەگەر سەرژمێریش بۆ گەلانی ئێران کرابێت، بەڵام بە فەرمی ژمارەى راستەقینەى گەلانی ئێران بڵاونەکراوەتەوە. سەرباری ئەوەش بەپێی سەرژمێریی دانیشتوانی ئەو پارێزگا و هەرێمەکانە، کە بەلوچیان تێدایە ئامارێکى بەمشێوەیە دەردەکەوێت. لە سیستان و بەلوچستان ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار، لە هورمزگان یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار، لە کرمان یەک ملیۆن و ١٥٦ هەزار، لە خوراسان ٧٥٠ هەزار، لە تاران و هەرێمەکانی دیکەش ٥٠٠ هەزار بەلوچ هەیە، مەزندە دەکرێت کە بە گشتی نزیکەی ٧ ملیۆن و ٦ هەزار بەلوچ هەبن.

بەلوچ کێن؟

بەلوچ نەتەوەییەکی ئێرانییە کە ئەیالەتى بەلوچستانى پاکستان و پارێزگای بەلوچستانی ئێران و ئەفغانستان دەژین. ژمارەیان لە ٩ ملیۆن زیاترە، بە زمانی بەلوچی و برۆهجەیی دەدوێن. بە گوێرەی گەلێک سەرچاوە بەلوچ (بالۆچ) لەگەڵ کورد لە یەک قەومن و نەوەی مادەکانن. گەلی بەلوچستانی دێرین توانیویانە کەلتوور و زمانی خۆیان بگەیەننە ئەم سەردەمە.

وڵاتەکەیان، بەلوچستان، وەکو کوردستان، کراوەتە چوار پارچە و داگیر کراوە. بەپێی بەڵگەنامەکان بەلوچستان لەژێر داگیرکاریی ئێران، پاکستان، ئەفغانستان و هیندستان دایە. بەلوچ جگە لە نەخشە و ئاڵای خۆیان، نەخشە و ئاڵای کوردستانیش نیشان دەدەن و ئاشکرای دەکەن کە ئەوان هەمان گەلن.

بەپێی چەندین سەرچاوە، کوردن

بەلوچ لە چیرۆک و مێژووی خۆیاندا دەڵێن ئێمە کوردین، بەڵام دوای جیا بوونەتەوە و کەوتونەتە قۆناغ و پرۆسەی نەتەوەسازیی خۆیان. بۆ نمونە؛ ئاکوند محمەد ساڵح زەنگنە بەلوچ، پێش ٣٧٢ ساڵ کوردگەلنامەیەک (کورد-گەل-نامە)ی نووسیووە و ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە بەلوچ بە رەچەلەک کوردن.

پاشناوی چەندین شەهید و قارەمانانی بەلوچ کوردین، ناوی چەند قارەمانێکی بەلوچ بریتین لە: عەلی شێر کورد، شێر زەمان کورد، عەلی جان کورد، مومتاز کورد، خالید کورد، ئەنوەر کورد، یارجان کورد...

ر.م