پەیامی پەژاک بۆ گەلی تورکی ئازەری

مەجلیسی پەژاک هۆشداری دا پەیوەست بەو هەوڵانەی دەویسترێت دووبەرەکی و ئاژاوە بخاتە نێوان گەلانی کورد و تورکی ئازەرییەوە و ڕایگەیاند بە هەموو شێوەیەک لە تێکۆشاندا دەبن بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندەییە سەنگینەی کە لە نێوان کورد و ئازەرییەکاندا هەیە.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە ڕاگەیاندراوێکی نوسراودا هۆشداری دا پەیوەست بەو هەوڵانەی دەیانەوێت فیتنە و ئاژاوە بخەنە نێوان گەلی کورد و گەلی تورکی ئازارییەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:

کێشمەکێشم و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. بێگومان شەڕێک بەو ڕەهەندە بەرفراوانەیەوە، کاریگەریی مێژوویی و درێژخایەنی لەسەر چارەنووس و داهاتووی نەتەوەکانی ئێران دەبێت. ئەمە هەردوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەریش دەگرێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی نزیکی جوگرافیی کوردان و تورکانی ئازەری و تێکەڵبوونیان لە ناوچەکانی هاوشێوەی ورمێ، ئەم شەڕە و پێشهاتەکانی، پەیامی جددی بۆ هەردوو نەتەوە پێدەبێت.

پەژاک؛ کورد و تورکی ئازەری پێکەوە ڕووبەڕووی سەختییەکان بوونەوتەوە

 لە هەموو بارودۆخە مێژووییەکاندا، هەرکات هەردوو نەتەوەی تورکی ئازەری و کورد شانبەشانی یەکدی کاریان کردووە و  لە کەشوهەوای پڕ لە هەستی خوشک برایەتیدا، پێکەوە ڕووبەڕووی دژوارییەکان بوونەتەوە، دەرەنجامی بەهادار و بەرچاویان هەبووە. هەرکات بەدکاران و دەستە دەرەکییەکان هاتوونەتە ناو ژیانی سیاسی ئەم دوو نەتەوەیەوە و ئاگری ناکۆکییەکانیان خۆشکردووە، هەردوو نەتەوە دووچاری پێشهاتی ناهەموار و تاڵ بوون. هەم یادەوەریی ڕۆژانی سەخت کە بە یەکگرتوویی و دۆستایەتیی و کاری هاوبەشی هەردوو نەتەوە تێپەڕیون و هەم یادەوەریی ڕۆژانی تاڵی ناکۆکی و گرژی کە بەدکاران و دوژمنان هۆکاری بوون، لە یادەوەریی مێژوویی کورد و تورکی ئازەریدا ماوەتەوە. جێی خۆیەتی کە لەم کاتەدا کە جەنگە لەنێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا، سێبەرەکەی هێناوەتە سەر ژیانی هەردوو نەتەوە، بە ئەزموونی مێژوویی خۆمان  لایبەرین تا بتوانین ئەم دۆخە مەترسیدارە مێژووییە شانبەشانی یەکتر تێپەڕێنین و بەسەلامەت لێی دەرچین.

ئێمە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەشە جیاوازەکان، هەم لەڕووی بیرۆکە و پڕۆژەی چارەسەریی پرسەکان و هەمیش لە زەمینەی کرداریدا هەوڵمانداوە کە هاوبەشییە مێژووییەکانی نێوان کورد و تورکی ئازەری بە دەرفەتێکی بەنرخ بزانین بۆ برەودان بە تێکۆشانی ئازادیخوازانە و بیکەین بە مایەی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی. لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێک گرنگی بەم پرسە دەدەین. هەربۆیە لە گەرمەی ئەم شەڕەدا کە تەواوی ئێرانی گرتووەتەوە، هەم دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەت و هەمیش ئەو بەدکارانەی کە بۆ خستنەوەی دووبەرەکی لەنێوان کورد و تورکی ئازەری لە کەمیندان، هەوڵدەدەن ژینگەیەکی پیسبوو بە تورکۆفۆبیا و کوردۆفۆبیا لە نێو ئەم دوو نەتەوە برا و هاوچارەنووسە بێننە ئاراوە. ئێمە بەڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنین کە پژاک تەواوی توانای خۆی دەخاتە گەڕ تا پەیوەندیی گرنگی نێوان هەردوو میللەت بەهێزتر لە هەمیشە بێت و لەم ڕێیەوە، زیانەکان بەهۆی ئەم جەنگەوە بۆ کەمترین ئاست کەمبێتەوە. ئێمە خۆمان لەبەرانبەر هەردوو نەتەوەدا بە بەرپرسیار دەزانین و تەواوی توانای خۆمان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانە شوومەکانی حکومەتی ئێران و بەدکارانی تری ناوچەکە دەخەینە گەڕ.

هەر لەم چوارچێوەیەدا پێشنیار دەکەین کە ڕێکخراو و دامەزراوە مرۆیی و مەدەنییەکانی کورد و تورکی ئازەری هەنگاو بنێن بۆ دروستکردنی دامەزراوەی هاوبەش تاوەکو لەو شار و ناوچانەی کە هاوبەش لەنێوان هەردوو نەتەوە هەژمار دەکرێن، دەست لەناو دەستی یەکتر ڕووبەڕووی مەترسی و زیانە ئەگەرییەکانی ئەم جەنگە ببنەوە.

پەژاک؛ ئامانجمان پتەوکردنی پەیوەندی نێوان کورد و تورکی ئازەرییە

ئێمە پارتی ژیانەوەی کوردستان، ئامادەین کە لەپێناو پێشخستنی ڕۆحی لێکنزیکبوونەوەی دیموکراسی لە نێوان هەردوو نەتەوەدا، لەگەڵ هەموو دامەزراوە و ڕێخراوە ئازادیخواز و دیموکراسییە ئازەرییەکاندا هاوکاری بکەین. لەو ڕێیەوە دەتوانین ئەرکی مێژووی خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی شەڕ لەسەر ژیانی نەتەوەکانمان بەجێبێنین و دەرفەتی گێرەشێوێنی و دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان کورد و تورکی ئازەری بۆ ڕژێم و دەوڵەتە هەلپەرستەکانی ناوچەکە نەهێڵینەوە.

ئێمە باوەڕمان وایە، نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکی ئازەری توانای ئەوەیان هەیە کە بەبێ بە دەستێوەردانی دەرەکی، خۆیان پرسەکانیان بەڕێوەبەرن و یارمەتیدەر و پشتیوانی یەکتر بن. هەر لەم سۆنگەیەوە، پەیامی ئێمە بۆ دەوڵەتی تورکیا و کۆماری ئازەربایجان ئەوەیە کە ئەگەر بەڕاستی لەبیری بەرژەوەندی تورکانی ئازەریدان، خۆتان بەدوور بگرن لە هەر جۆرە سیاسەتێک کە کورد بە مەترسی لەسەر تورکانی ئازەری نیشاندەدات. هەربۆیە هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ دروستکردنی کەشی کوردۆفۆبیا و بەمەترسیدار ناساندنی کورد، ڕێ لە تێکۆشانی دیموکراسیخوازانەی نەتەوەی تورکی ئازەری لە ئێران دەگرێت، لە ئامانجە ڕاستەقینەکەی خۆی دووردەخاتەوە و تەنها لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی تەواو دەبێت.

پەژاک؛ ئەرکمانە پارێزگاری لە تورکە ئازەرییەکان بکەین

ئێمە، پارتی ژیانەوەی کوردستان، پەیامی خۆمان ئاڕاستەی تورکانی ئازەری دەکەین کە ئێوە خوشکان و برایانی کوردن، خەیاڵتان ئاسوودە بێت کە نەک تەنها بچوکترین مەترسییەکتان لە ئێمەوە بۆ دروستنابێت، بەڵکو لەم دۆخەدا ئەو مەترسییە گەورەیەی کە پریشکی شەڕی بۆ هەموو جێیەک هاویشتووە،  بەهەموو توانامان هەوڵدەدەین تا ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە مەترسییەکی ئەگەریی بۆ سەر ئێوە بەجێبێنین. چونکە ئێمە باوەڕمان وایە، دەستڕاسگەیشتنی نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکی ئازەری بە ئازادی و مافی خۆی، بەقووڵی گرێدراوە بە شێوەی پەیوەندی نێوان هەردوو نەتەوەوە. دەستڕاگەیشتن بە ئازادی و مافی پێشێلکراو، کە دەیان ساڵە ئارەزوو و خواستی سیاسی هەردوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری بووە، تەنها بە دەستخستنە ناو دەستی یەکدی و هاوکاریی هەمەچەشنە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پڕئاشووبە هەنووکەییە، دەکرێت داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراسی هاوبەش بنیات بنێین. هەرچییەک لە ئەستۆی ئێمە بێت لەم زەمینەیەدا، بە وردی و هۆشیارییەوە بەئەنجامی دەگەیەنین و لە بەرامبەردا هیوادارین ڕێکخراو و دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکانی دیکەش یاوەر و هاوکارمان بن لەم ڕێگەیەدا."