بە دیمەن

ژنان لە کۆنفرانسەکە؛ ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد گرنگ بوو

بەشداربووانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەدا لەم کاتەدا ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی بەمجۆرە مێژوویی و گرنگە و هەنگاوە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد.

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەشداری زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە نوێنەر و کەسایەتی ڕێکخراو و پارتەکانی ڕۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، کوردانی هەرێمەکانی سووریا وەک باب، عەزاز، حەلەب، دیمەشق، حەما، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان، سەرۆک عەشیرەتەکان، لە باکووری کوردستان شاندی دەم پارتی و نوێنەران و پارتەکانی باشووری کوردستان، لە هۆڵی پارکی ئازادی لە قامیشلۆ ئەنجام درا. بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد کۆنفرانسەکەی لە گەلی کورد پیرۆز کرد و گوتی: "ئەم کۆنفرانسە وەک تێکۆشانێكی مێژوویی لە قۆناغێکی مێژووییدایە، سەرکەوتنی ئەم تێکۆشانە بێگومان کاریگەری لەسەر هەموو کوردستان دادەنێت. گەلەکەمان پێویستی بە یەکڕیزی هەبوو، بۆ بەشداریکردن لە ئیدارەی نوێی سووریا بە شێوەیەک کە بتوانن مافەکانی گەلی کورد لە هەموو لایەنێکەوە مسۆگەر بکەن. ئەم کۆنفرانسە دەبێتە شانازییەک بۆ گەلی کورد."

زەینەب موراد لە بەردەوامی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا گەلەکەمان لە چوار بەشی کوردستاندا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و گوتی: "گەلەکەمان لە چواربەشی کوردستاندا بە قۆناغێکی هەستیاردا دەرباز دەبێت، هەربۆیە ئەم کۆنفرانسە بۆ هەموو کوردستان و پڕۆسەکە دەستکەوتێکی مەزنە."

'لە کۆنفرانسەکەدا ڕۆڵی گەنجان و ژنان پێشەنگایەتی کرد'

جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی جزیرە حەمرین عەلی گوتی: "بەشداربوونی ژنان لە کۆنفرانسێکی وەهادا زۆر واتادارە. لەبەر ئەوەی لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ژناندا کە ژنان پێشەنگایەتیان کرد. ژنان لە یەکڕیزی کورددا پێشەنگایەتیان کرد و کۆنفرانسی ژنانی کورد ئەنجام درا. هەروەها لێرە مافەکانی ژنان و گەنجان وەک مافێکی سەرەکی دەبینرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە پڕۆسەکەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. ئەم ڕۆژە نابێت وەک ڕۆژێکی ئاسایی تەماشا بکرێت. چونکە یەکەمین جارە کۆنفرانسێکی بەمجۆرە ئەنجام دەدرێت."