بە بۆنەی ٤٦ ـەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی مەڕەش کە لەو کاتەدا ٥٠٠ کەس بەهۆی پلانی ڕێکخراوی مێتەوە لەلایەن فاشیستەکانەوە کوژران، لە هۆڵی ڕۆژنامەوانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا پانێڵێک بەڕێوەچوو.
لە میانەی پانێلەکەدا کە لەلایەن سەلدا کاڤاک تۆرنۆغڵو، مێژوونووس و نووسەر محەمەد بایراک، پارێزەر ئیبراهیم سینەمیلی ئۆغڵو، ڕۆژنامەنووس ئەلیف سۆنزامانجی، پرۆفیسۆر بایزا ئۆستۆن، فیدان یڵدرم، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی کۆمەڵکوژییەکە و محەمەد ئوستەک، هاووتەبێژی ڕێکخراوی ماردێف بەڕێوەچوو، ئامادە بوون.
بایرەک: کوردان باجی پەیمانی لۆزانیان دا
پێش دەستپێکردنی پانێڵەکە بۆ ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی مەڕەش خولەکێک بێدەنگی بەڕێوە چوو.
پاشان محەمەد بایراک وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: " کەمالیستەکان کە لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا داوای هاوکارییان لە کورد کرد، دواتر دەستیان بە جینۆسایدی کورد کرد. ئەمە بە هۆی پەیمانی لۆزانەوە بوو "کورد باجی پەیمانی لۆزان دا".
بایراک لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەلبەستان، هاتای، مەڕەش، مەلەتی و کۆمەڵکوژییەکانی دیکەی دژی عەلەوییەکان کرد و میتی بە هۆکاری هەموو کۆمەڵکوژییەکان زانی.
سینەمیلی ئۆغڵو: کردەوەی دڕندانە ئەنجامدرا
ئیبراهیم سینەمیلی ئۆغڵو، پارێزەر، ئاماژەی بە چیرۆکی دوای کۆمەڵکوژییەکەی مەڕەش دا و ڕایگەیاند؛ ئەوەی لە مەڕەش ڕوویدا دڕندەیی بوو. هەروەها باسی لە کوشتنی ژن و منداڵی دووگیان کرد لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا.
هەروەها فیدان یڵدرم ئاماژەی بە ڕووداوە ترسناک و نائەمنەکانی دەسەڵات کرد کە بە چاوی خۆی بینیبووی و ڕایگەیاند کە مەحاڵە ئەوان ئەم ڕووداوە دڕندانەیە لەبیر بکەن.
بایزا ئۆستۆن: هۆکاری ئەو کۆمەڵکوژییە، نەبوونی هێزی خۆپاراستن بوو
هەروەها پرۆفیسۆر بایزا ئۆستۆن لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد: "بەهۆی نەبوونی هێزی خۆپاراستن لە کۆمەڵگادا، سەرمایەداری لەسەر بنەمای ڕوانگەی قازانج دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرێت و جەختی لەسەر پێویستی بە هێزی خۆپاراستنی کۆمەڵگا کردەوە و ئاماژەی بە لەناوچوونی جوگرافیای میزۆپۆتامیا کرد بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکانەوە کرد.
هەروەها ڕۆژنامەنووس ئەلیف سۆنزامانجی ئاماژەی بە کۆچی بەرفراوان کرد کە لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی مەڕەش دەستی پێکرد و ڕایگەیاند؛ کە ٥٠ بۆ ٨٠ هەزار کەس ناچاربوون کۆچ بکەن و هەموو ئەمەش بە هۆی سیاسەتی دەوڵەتەوە زانی.
ئوستەک: ئێمە خوازیاری گەڕانەوەین بۆ سەر خاکی خۆمان
ئۆستەک وێڕای ئاماژەکردن بە کوشتنی ئوم عەلەوییەکان، بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند کە عەلەوییەکان لە سوریا کۆمەڵکوژ دەکرێن و داوای هەڵوێستی جددیی لەم بارەیەوە کرد. هەروەها داوای ئاسایش و گەڕانەوەی عەلەوییەکانی بۆ زێدی خۆیان کرد.
دوای پانێڵەکە، گردبوونەوەیەک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو. حسێن تورون لە میانی گردبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای ئاماژەدان بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، مەترسیەکانی سەر ئێزیدییەکان و کەمینەکانی دیکەی کۆبانی، جەختی لە پێویستی ڕێکخستن لە دژی کۆمەڵکوژییەکان کردەوە.