بۆ ئازادی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان لە مەکسیک چالاکییەک ئەنجامدرا

نوێنەرانی گەلی مایۆی شاری ئۆبرەگۆنی پارێزگای سونورای مەکسیک بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان چالاکییەکیان ئەنجامدا.

گەلی  مایۆ کە خاوەنی خۆبەڕێوەبەرایەتین، سەرەرای ئەوەی لەسەر ئەو خاکەی کە بە هەزاران ساڵە لەسەری دەژین مافیان نییە و مافەکانیان بن پێ کراوە، بە تێکۆشان و بەرخۆدانیان لە بەرامبەر سیاسەتی کۆچبەرکردنی دەوڵەت ناسراون. نوێنەرانی مایۆ دەستنیشانیان کرد کە پارادایمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ هەموو گەلانی جیهان چارەسەرێکی گەردونییە.

لە پەیامەکاندا کە بە زمانی مایۆ و ئیسپانی خوێندرایەوە، دەستنیشان کرا کە دەبێت دەستبەجێ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت و وتیان: "عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە، ئەمە بۆ مرۆڤایەتی و هەموو گەلانی جیهان شەرمەزارییەکی گەورەیە".

جگە لە نوێنەرانی مایۆ، گروپێک لە ئەندامانی ناوخۆیی ئەمیلجینگۆ مۆرێلۆس دوای سیمینارە ٢ کاتژمێرییەکەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، پەیامێکی پشتیوانییان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان بڵاوکردەوە. نوێنەران لە پەیامەکانیاندا دەستنیشانیان کرد کە ئەوان لەسەر بنەمای پاراستی خاک تێدەکۆشن و داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.