بەغدا پێداگرە لەسەر کشاندنەوەی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع ئەلسودانی ڕۆژێک دوای هێرشەکەی ئەمریکا لە بەغدا کە بەهۆیەوە فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی کوژرا، بڕیارەکەی دووبارە کردەوە بۆ دەرچوونی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش لە عێراق.

محەمەد شیاع ئەلسودانی لەلایەن پارتەکانی نزیکی ئێرانەوە دەستنیشانکراوە، ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند، دەیەوێت هێزە بیانییەکان لە عێراق دەربچن. بەڵام ئەم لێدوانە نوێیە لە وەختی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بوو.

ڕۆژی پێنج شەممە، فەرماندە و ئەندامێکی بزووتنەوەی ئەلنوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە بەغدا کوژرا. واشنتۆن ئەم ڕەوشەی وەک "خۆپاراستنی ڕەوا" پێناسەکرد. بەغدا لە بەرامبەردا ئەمەی وەک هێرشی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی ناوبرد.

ڕۆژی هەینی محەمەد شیاع ئەلسودانی ڕایگەیاند پێویستە هاوپەیمانان بکشێنەوە و گوتی: "چونکە هۆکارێک بۆ هەبوونی هاوپەیمانان نەماوەتەوە".

ئەلسودانی لە یادی قاسم سولەیمانی قسەی کرد، دووپاتی کردەوە، پێویستە لیژنەیەکی دوو لایەنە پێکبێت بۆ کۆتایی هێنان بە مانەوەی هاوپەیمانان.

لە ٢٠١٤ ـەوە تا ئیستە، سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش لە عێراق دانران، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا و لە دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، نزیکەی هەموو ڕۆژێک ئەم سەربازانە لە عێراق و سوریا دەکرێنە ئامانج.

زۆربەی ئەم هێرشانە لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجام دراون.