تادێن ناڕەزایەتی و کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەڕێمەکانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی زیاتر دەبن. سەرۆککۆماری پێشووی فەرەنسا فرانسیس هۆڵاند لە میانی بەرنامەیەکی فرانس ئینفۆدا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سوریا و پێشهاتەکانی ئەو وڵاتەکرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە هێرشەکانی سەر رۆژئاوا مایەی قەبوڵکردن نییە و ئەوروپا نابێت چاوبەڕووی ئەو رووداوانەدا بنوقێنێت کە لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر لە ئارادان.
'لەپێناو پاراستنی کورداندا هەموو لایەک وشیار دەکەمەوە'
ناکرێت کە هێرش بکرێتە سەر کوردان لە سوریا. لە تێکۆشان لە دژی داعشدا ئەوەی لە سوریا هاوکارمان بوو کوردەکان بوون. ئەگەر کوردەکانی سوریا نەبوونایە، ئەستەم بوو داعش لە سوریا دەربکرێت. فەرەنساش پشتیوانی تەواوەتی لێکردن. وەک سەرۆککۆمار من ناتوانم بە تەنیا جێهێشتنی کوردان قبوڵ بکەم و چاو بە سەر ئەوەدا ببەستم. هەروەها کوردانی سوریا ئێستا بە هەزاران بەندکراوی داعشیان لە ژێر دەستەدایە. ئەگەر ئەوانە ئازاد بکرێن، درەنگ یا زوو خۆیان دەگەیەننە خاکەکەمان".
'کورد لە دژی تیرۆر رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە'
سەرۆککۆماری پێشووی فەرەنسا فرانسیس هۆڵاند لەپێناو پاراستنی ئیدارەی خۆبەڕێووەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازێکی راگەیاند و وتی، "دەبێت رێز لە خۆبەڕێوەبەریی بگیرێت. مەبەستم ئەوەیە کە کوردەکان لە سوریا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. لە تێکۆشان دژی تیرۆریزمدا رۆڵی گەورەیان گێڕا و هێشتاش بەردەوامن لە بە جێگەیاندنی ئەو رۆڵە. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایات کە ئەوان لە سوریا دادبڕێن. دەمەوێت بڵێم کە دەبێت پێکەوە بژین.
'دەبێت فەرەنسا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی کوردان بپارێزن'
هەربۆیە دەبێت فەرەنسا ئەوان بپاڕێزێت. فەرەنسا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی تیرۆر دەبێت ئەوان بپارێزن. ناکرێت ئەوروپا چاو بە سەر ئەو رووداوانەدا دابخات کە لە بەشێکی سوریا لە ئارادان. کاتێک لە ئەنجومەنی ئەوروپا کارمان دەکرد، تووشی زۆر کەس بووم کە پێیان وابوو سوریا زۆر دوورە و کاریگەری ناکاتە سەر کیشوەری ئەوروپا. بەڵام هێرشی تیرۆریستی بەرۆکی ئێمەشیان گرتەوە. بەسەر ئەوانیشدا هات. لەبەر ئەوە دەبێت لە کاریگەری هێرشەکانی ئەوروپا لەسەر خاکەکەمان تێبگەین".