فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەنووسان لە ٢٠٢٤دا ١٢٢ رۆژنامەنووس کوژراون
لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەنووسان (IFJ) دا ڕاگەیاندراوەکە ١٢٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون.
لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەنووسان (IFJ) دا ڕاگەیاندراوەکە ١٢٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون.
فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان(IFJ) ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ١٢٢ ڕۆژنامەنووس و میدیاکار کوژراون کە ١٤یان ژن بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا داوا کراوە کە "ڕێککەوتننامەی نێونەتەوەیی سەبارەت بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان" لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قبوڵ بکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندراوە کە ٧٧ ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتانی عەرەبی کوژراون. هەروەها باس لەوە کراوەکە کە لە دوای ٧ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٣ەوە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، گەیشتووەتە ١٤٧ کەس.
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهید کراون
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەو ڕۆژنامەنووسانە کراوە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهید کراون، وەبیرهێنراوەتەوە و باس لەوەشکراوە کە لە هەرێمی کوردستانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، هەروەها نازم داشتان و جیهان بیلگین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهیدکراون. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندراوە کە بە گشتی ٣ ڕۆژنامەنووس لە عێراق شەهید کراون، هەروەها فۆتۆگرافەرێکیش لە ٤ی کانونی یەکەم لە سووریا شەهید کراوە.
ڕەوشی وڵاتانی تر
بەپێی ڕاپۆرتەکە لە هەرێمی ئاسیا-پاسفیک، ٧ ڕۆژنامەنووس لە پاکستان، ٥ لە بەنگلادیش، ٣ ڕۆژنامەنووس لە هیندستان، ١ ڕۆژنامەنووس لە کەمبۆدیا، ١ ڕۆژنامەنووس لە فلیپین، ١ ڕۆژنامەنووس لە ئەندەنوسیا، ١ ڕۆژنامەنووس لە کازاخستان کوژراون.
باس لەوە کرا کە ٣ ڕۆژنامەنووس لە میانمار بە دەستی ڕژێمی سەربازی کوژراون.
هەروەها گوترا کە ١٠ ڕۆژنامەنووس لە ئەفریقا، ٩ ڕۆژنامەنووس لە ئەمریکا و ٤ ڕۆژنامەنووس لە ئەوروپا کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی IFJ تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ٥١٦ ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون.