هێرشێکی خۆکوژی لە پاکستان دەیان کوژراوی لێکەوتەوە

لە باکوری رۆژئاوای پاکستان لە دژی بارەگایەکی سەربازی هێرشی خۆکوژی ئەنجامدرا و بەهۆیەوە لانیکەم ٢٣ کەس کوژران.

هێرشەکە لە ناوچەی دێری ئیسماعیل خان لە ویلایەتی خەیبەر و لە نزیک سنووری ئەفغانستان روویداوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانسە لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، "زۆرینەی کوژراوەکان جلوبەرگی مەدەنیان لەبەردا بووە. بۆیە تائێستا دیار نییە کە ئاخۆ هەموو کوژراوەکان مەدەنی بوون یاخود سەربازی".

ئەو کاربەدەستە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لانیکەم ٢٣ کەس بە هۆی هێرشەکەوە کوژراون و ٢٧ کەسیش برینداربوون.

گروپێک بە ناوی بزوتنەوەی جیهادی پاکستان کە سەر بە زبوتنەوەی تالیبانی پاکستانە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

لەدوای ئابی ٢٠٢١ کە تالیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتەوەدەست، دۆخی ئەمنی لە ناوچە سنوورییەکانی پاکستان خراپتر بووە.

ئیسلامئاباد بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەندێک لەو هێرشانەی لە ناوچە سنوورییەکانی ئەنجام دەدرێن، لەناو خاکی ئەفغانستانەوە پلانیان بۆ دادەنرێت، بەڵام کابۆل ئەوە رەتدەکاتەوە.

تالیبانی پاکستان لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ هێرشەکانی بۆ سەر پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان زیاتر کردووە.

تالیبانی پاکستان کە گروپێکی ئایینییە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە و زۆر جار هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامئاباد دەکاتە ئامانج.

و لە ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠ هەزار مەدەنی و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە ئەنجامی شەڕ و هێرشەکانی ئەو گروپە کوژراون.