لە ئۆسلۆ و ترۆندهەیم بۆ پشتیوانی لە بەرخودانی رۆژئاوا چالاکی کرا

کوردستانیان و دۆستانیان لە ئۆسلۆ وترۆندهەیمی نەرویژ کۆبوونەوە و پشتیوانییان بەرخودانی رۆژئاوای کوردستان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی نیشاندا.

لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوا خۆپیشاندانێک ئەنجامدرا.

خۆپیشاندانەکە لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ بەڕێوەچوو. جگە لە کوردستانیان ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی پارتە سیاسیەکانی نەرویژ و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەشداربوون.

لە چالاکیەکەدا بێنتێ کانگێنهێڵم بە نوێنەرایەتی پارتی سەوز قسەی کرد و هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر رۆژئاوا شەرمەزار کرد و داوای کرد کە حکومەتی نەرویژ کۆتایی بە بێدەنگی خۆی بەرامبەر بەو هێرشانە بهێنێت و وتیشی: "چیتر تەنیا جیاکان دۆستی کورد نین، ئێمە هەموومان دۆستی کوردین"

هاوکات نوێنەرانی پارت و رێکخراوە نەوریژی و کوردستانیەکانیش لە وتارەکانیاندا لە چالاکیەکەدا وێڕای شەرمەزارکردنی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوا، داوایان کرد حکومەتی نەرویژ کۆتایی بە فرۆشتنی چەک بە تورکیا بهێنێت و لەبەرامبەر ئەو هێرش و تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژئاوا دەیکات، دەنگ هەڵبڕێت. هەروەها داواش لە گەلی کورد کرد، لە پێناو پاراستنی رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر هێرش و داگیرکەرییەکان بکەونە ئامادەباشییەوە.

لە چالاکیەکەدا ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە بەرزکرانەوە و دروشمەکانی "بژی بەرخودانی رۆژئاوا"، "نەمان بۆ فاشیزم"، "نژی یەپەگە" و "بژی یەپەژە" وترانەوە.

ترۆندهەیم

لە شاری ترۆندهەیمیش کوردان و دۆستانی نەرویژییان لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی کولتوری کوردی بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوا رژانە گۆڕەپان.

گردبوونەوەکە لە نۆردر گەیت سازکرا و سڵاو لە بەرخودانی گەلانی رۆژئاوا کرا.

سەرباری سەرما و سۆڵە سەدان کەس بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد و لەسەر ناوی "پشتیوانی لە کوردستان" ئاسۆ ئامەدیان و مەهناز عەزیزیان وتەیان پێشکەش کرد. لە گردبوونەوەکەدا دروشمەکانی "بژی بەرخودانی رۆژئاوا"، "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" وترانەوە.