بەرپرسی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فێدڕاڵی ئەمریکا (FBI) لە نیوئۆرلیان ئالیسیا دانکن سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە کە لە شەقامی بۆربۆن روویدا کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و باسی لەوەکرد، لە هێرشەکەدا ١٠ کەس کوژراون.
دانکن لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە تائێستا FBI بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ تۆمەتبارێکی تەمەن ٤٢ ساڵ بە ناوی شەمسەدین جەبار کە دانیشتووی تەکساسە.
دانکن هێمای بۆ ئەوەش کرد کە هەوڵ دەدەن ئەوە بزانن کە ئەو کەسە چۆن بووەتە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە. لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا ئاڵایەکی داعش دەبینرێت. ئێف بی ئای بۆ ئەوەی پەیوەندی گومانلێکراو لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەستنیشان بکات، هەوڵەکانی بەردەوامە. لە ئۆتۆمبێلەکەیدا چەک و ئامێری تەقینەوەی دەستکرد دۆزرانەوە.
ئەو بەرپرسەی FBI ئەوەشی خستەڕوو کە پێیان وانییە شەمسەدین جەبار تاکە بەرپرسیاری ئەو هێرشە بێت.
دانکن باسی لەوەشکرد کە لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی پەیوەندییەکانی تۆمەتبار دەکەن، لەوانە سەرجەم هاوڕێکانی، هەربۆیە داوای لە خەڵک کرد لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا هاوکارییان بکەن.