زیاتر لە ٢٥ ساڵە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی بەدیلگیراوە و ماوەی سێ ساڵیشە لە هەلومەرجی دژواردا گۆشەگیرکراوە. مافی دیداری عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی زەوت کراوە و ٣ ساڵە هیچ هەواڵێکی نازانرێت. لەبەر ئەو دۆخەدا دەزگا پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) بێدەنگن.
کۆمیسیاری یاساناسانی نێونەتەوەیی و مامۆستای یاسای نێونەتەوەیی لە کۆلێژی یاسای زانکۆی جنێڤ مارکۆ ساسۆلی هەڵسەنگاندنی خۆی سەبارەت بە لایەنە سیاسییەکانی گۆشەگیری لە ئیمراڵی و دۆخی زیندانیانی پەکەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) خستەڕوو.
مارکۆ ساسۆلی ئاماژەی بەوەکرد، کە شەڕی نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە و گەلی کورد شەڕێکی نێونەتەوەیی نییە و ئەوەی خستەڕوو، "تورکیا ئەندام نییە لە پرۆتۆکۆلی ١ی پەیماننامەی جنێڤ. خاڵی ٤ی پرۆتۆکۆلی یەکی پەیمانی جنێڤ دەڵێت کە تێکۆشانی گەلێک بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی، دەبێتە شەڕێکی نێونەتەوەیی. بەڵام لەبەر ئەوەی تورکیا بەشداری لەو پەیماننامەیە نەکردووە، پابەندیش نییە بەو خاڵەوە. لەبەر ئەوەی من وتم، کە شەڕی نێوان دەوڵەتی تورک و ۆەکەکە و گەلی کوردا شەڕێکی نێونەتەوەیی نییە. لە شەڕێک کە نێونەتەوەیی نەبێت ستاتۆ وپێگەی دیلی شەڕ بوونی نابێت. ئەمە بەو جۆرەش قەبوڵ بکرێت و پێویستە ئەو کەسانەی لەم شەڕەدا بەشدار نەبووبن مامەڵەی باشیان لەگەڵ بکرێت، رووبەڕووی ئەشکەنجە نەبنەوە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەکاربهێنن. لەبەر ئەو دۆخەی لە تورکیا دەگوزەرێت دۆخی شەڕێکی چەکداری نێونەتەوەیی نییە، بە گوێرەی یاسای نێونەتەوەیی زیندانیانی پەکەکە خاوەن پێگەی دیلی شەڕ نین. پێویستە یاسای مافەکانی مرۆڤ بە بنەما بگیرێت و ئەوانیش وەک هەموو زیندانیانی دیکە مافەکانیان بەکاربهێنن".
'بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپایە'
ساسۆلی ئەوەی خستەڕوو کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و وتی، "گۆشەگیری لە ئیمراڵی وەک دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش ئاماژەی بۆ کردووە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. لەبەر ئەوەی مافی زیندانیانی سزادراویشە کە مامەڵەی باشیان لەگەڵدا بکرێت. گۆشەگیری لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە. هەروەها زیندانیان مافی ئەوەیان هەیە کە چاویان بە پارێزەران و بنەماڵەکەیان بکەوێت. خۆی لە خۆیدا ماوەیەک بەر لە ئێستا دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە ئۆجالان هەندێک پێشێلکاری مافەکانی دەستنیشان کردبوو. بەڵام ئەنجومەنی ئەوروپا سوپایەکی نییە کە رەوانەی تورکیای بکات. لەبەر ئەوە ئەگەر تورکیا بە گوێرەی ئەو بڕیارانە نەجوڵێتەوە، بە گوێرەی سیستمی ئەنجومەنی ئەوروپا بەرپرسیارێتی بڕیاردان لە ئەستۆی ئەنجومەنی وەزیرانە".
'ئەوروپا لە بەرامبەر هەڕەشەکان ملکەچ بووە'
مارکۆ ساسۆلی وتی کە بەهۆی پرسی پەنابەرانەوە تورکیا هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات و ئەوروپا لە بەرامبەر ئەوەدا ملکەچ بووە و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "راستیەک هەیە کە زۆر وڵات پێویستیان بە تورکیا هەیە. لەبەر ئەوەی تورکیا هەڕەشەی ناردنی دوو ملیۆن پەنابەری سوری لە ئەوروپا دەکات. ئەوەشی زۆرجار باس کردووە. هەروەها ئەو دەوڵەتانەشی کە دەیانەووێت داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ بکەن بە هۆی ئەو هەڕەشانەوە بەرامبەر بە تورکیا بێدەنگ دەبن تا تورکیا بەوان نەڵێت زۆر رەخنەمان لێدەگرن، ئێمەش دەرگاکان دەکەینەوە کە پەنابەران بێنە ئەوروپا. واتە تورکیا لە چوارچێوەی دۆخێکی نایاساییدا هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات. بە شتێک لە پێشێلکردنی ماف نییە، هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات. ئەوروپاش لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی تورکیا ملکەچ بووە.
'ئەو گۆشەگیرییە ئەشکەنجەیە'
مارکۆ ساسۆلی وتی، کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی بە گوێرەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێلکردنی مافەکانە و جەختی کردەوە: "گۆشەگیری لە ئیمراڵی راستەوخۆ ئەشکەنجەیە. وەک دەزانرێت بەر لە ئێستا دادگای سویسڕا لەبارەی ئەندامێکی فراکسیۆنی سوپای سوری ئەڵمانیا بڕیاریدابوو کە ئەندامە ئاماژەپێکراوەکە بە تەواوەتی لە ژێر گۆشەگیریدا رابگیرێت. بەڵام دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدا ئەوە جۆرێکە لە ئەشکەنجەدان و بڕیارێکی نامرۆڤانەیە. واتە بە کورتی دۆخی ئیمراڵی کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە و لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە قەدەغەکراوە."
'سی پی تی مافی ئەوەی هەیە هەر کاتێک بیەوێت سەردانی ئیمراڵی بکات'
ساسۆلی لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەڵوێستی سی پی تی بەرامبەر بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "سی پی تی مافی ئەوەی هەیە کەی بیەوێت سەردانی ئیمراڵی بکات. بەر لە ئێستاش چووبووە ئیمراڵی و دواتریش راپۆرتێکی بۆ تورکیا ئامادەکردبوو. ئەگەر دەوڵەت قەبوڵی بکات سی پی تی دەتوانێت ئەو راپۆرتە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات. وەک بنەما پێویستە کە هەموو دەوڵەتان بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە بۆ رای گشتی قەبوڵ بکەن. بەڵام روونە کە تورکیا قەبوڵی نەکردووە راپۆرتی ئەم دواییەی سی پی تی سەبارەت بە سەردانی ئیمراڵی بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێت".
هـ . ب