پ. ئورنهایمەر: بە پێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان گۆشەگیری ئەشکەنجەیە

پرۆفیسۆر گیۆرگ ئورنهایمەر رایگەیاند، بە گوێرەی بنەما نێونەتەوەییەکان گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەشکەنجەیە. ئورنهایمەر ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە دەوڵەتی تورک بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و وتی، "وەک یەکەم هەنگاو پێویستە ئۆجالان ئازاد بکرێت".

نزیکەی چوارساڵە رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت. لە بەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمراڵی رێکخراوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) بێدەنگە.

پرۆفیسۆر گیۆرگ ئورنهایمەر کە تا کاتی خانەنشینی وەک مامۆستا لە کۆڵیژی زانستە مرۆییەکانی زانکۆی کۆڵن وەک مامۆستای پەروەرەی پەیوەندییە کولتورکییەکان کاری کردووە، قۆناغی گۆشەگیری لە ئیمراڵی وەک 'ئەشکەنجە' ناودێر دەکات. گیورگ ئورنهایمەر ئەوەی خستەڕوو کە گۆشەگیری رەها لە ئیمراڵی 'بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت رەوایەتی پێبدرێت' و وتی، پێویستە رێبەری گەلی کورد ئازاد بکرێت.

وەک هەنگاوی سەرەتایی دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

ئورنهایمەر ئەوەی خستەڕوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە داواکارییەکانی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رەتکراونەتەوە، یاخود وەڵامنەدراونەتەوە و ورایگەیاند، "دەسەڵاتی دادوەری تورک بە دەیان ساڵە عەبدوڵا ئۆجالانی لە ژوری تاکەکەسیدا راگرتووە، بە گوێرەی پێوەر و بنەما نێونەتەوەییەکان ئەوە ئەشکەنجەیە و مایەی قەبوڵکردن نییە. ئەوەندەی دەزانم عەبدوڵا ئۆجالان لایەنگری ئەوەیە کە لە نێوان کوردان و تورکاندا ئاشتی بچەسپێت، بەڵام ئەگەر تائێستاش ئۆجالان پشتیوانی لە خەباتی سەربازی لەپێناو مافەکانی گەلی کورد بکات، دیسانیش گرتن و زیندانیکردنی ئەوە ناحەقی و ناڕەوایە".

پرۆفیسۆر ئورنهایمەر ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت گۆشەگیری کۆتایی پێبهێندرێت و دانوستانەکانی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ی بەبیرهێنایەوە. ئورنهایمەر باسی لەوەکرد، کە دەبێت تورکیا بگەڕێتەوە بۆ سەر رێگەی دانوستان و وەک هەنگاوی سەرەتاییش دەبێت ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکات. پرۆفیسۆر گیۆرگ ئورنهایمەر وتی، "رژێمی هەنوکەیی لە تورکیا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر رێگەی ئەو دانوستانانەی بەر لە چەند ساڵێک لەگەڵ نوێنەرانی کورد ئەنجامیدابوون. هەنگاوی یەکەم و سەرەتاییس بۆ ئەوە ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالانە".

هـ . ب