پێش سەردانەکەی سودانی شاندێکی عێراق گەیشتوونەتە تورکیا

باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ئاشکرایکرد، شاندێکی عێراق گەیشتوونەتە تورکیا و چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا دەکات.

ماجد لەجماوی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ شاندێکی عێراق بۆ ئامادەکاری سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی گەیشتوونەتە تورکیا.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، شاندەکە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی محەمەد ڕەزا حسێنی و نوێنەری وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق، گەیشتوونەتە تورکیا.

باس لەوە دەکرێت، سەردانە بە مەبەستی ڕێککەوتن لە لە بوارەکانی ئاسایش، گواستنەوە، پیشەسازی و ئابووریدا بێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەناو ئەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا دەکات و پرسەکانی وەک وزە، بازرگانی و ئاسایش لە بەرنامەی کارەکانییدایە.

شایانی باسە وەزیری گواستنەوەی تورکیا عەبدولقادر ئورالۆغڵو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات و سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە مساڵدا سەردانی عێراق دەکات.