شەڕی سودان هەڕەشەیە لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات بەهۆی شەڕی نێوان سوپا و گروپە ملیشیاکان لە سودان کە کاریگەری لەسەر شارێک دروست کردووە، ناچاربوون گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان رابگرن.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی نیو ملیۆن کەس کە لە ماڵ و حاڵی خۆیان لە پارێزگای جزیرەی سودان ئاوارە بوون، زیاتر لە ٨٦ هەزار کەسیان لە واد مەدەنیکە ناوەندی ئیداریی پارێزگاکەیە نیشتەجێکراون.

بەڵام شەڕی نێوان هێزە چەکدارەکانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزی میلیشیایین لە ڕۆژی هەینییەوە لەو شارەدا پەرەی سەندووە.

ڕێکخراوی هاوکاریی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە هاوکارییەکانیان لە واد مەدەنی ڕاگرتووە 'تا ئاگادارکردنەوەی داهاتوو."

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی شەممە لەسەر شەڕی ئەم دواییەی سوپای سودان و هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی میلیشیا هۆشداریداوە کە بە هۆی شەڕەکەوە هەڕەشە لە سەر هاوکاریی مەدەنی و مرۆیی دروست بووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیۆ میلر، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە:"واد مەدەنی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی کە بە زۆر ئاوارە کراون، بووەتە پەناگەیەکی ئەمن و ناوەندێکی گرنگە بۆ هاوکارییە مرۆییە نێونەتەوەییەکان. کردەوەکانی هێزی بەرپەرچدانەوەی نیمچە سەربازی زیانێکی زۆری بە هاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە.

 لە مانگی نیسانەوە شەڕ لە نێوان عەبدولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی سوپا و هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرای نیمچە سەربازی بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلۆ یاریدەدەری پێشووی، بەردەوامە.

 بەپێی بەراوەردەکانی پڕۆژەی ئامارەکانی شەڕ و ڕووداوە چەکدارییەکانی ڕێکخراوی (ئاکلید)، لە شەڕەکاندا کە لە ١٥ی نیسانەوە دەستیپێکردووە زیاتر لە ١٢ هەزار و ١٩٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون و نزیکەی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسیش وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و بوونەتە پەنابەر.