ئابیا یاڵا پشتیوانی بۆ گەلی کورد دەربڕی
نوێنەرانی بزوتنەوەکانی خەڵکانی رەسەن و دێرینی ئەمریکای لاتین (ئابیا یالا) هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر خاکی کوردستانیان شەرمەزارکرد و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد دەربڕی.
نوێنەرانی بزوتنەوەکانی خەڵکانی رەسەن و دێرینی ئەمریکای لاتین (ئابیا یالا) هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر خاکی کوردستانیان شەرمەزارکرد و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد دەربڕی.
نوێنەرانی ئابیا یالا (ئەمریکای لاتین) کە بەشدارییان لە کۆنفڕانسی گەنجاندا کردبوو لە پایتەختی فەرەنسا، لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد راگەیاند.
نوێنەرانی ئابیا یالا هێرشە سەربازیەکانی سەر کوردستانیان شەرمەزار کرد و رایانگەیاند: "هێرشەکانی سەر شارەکانی دێرکی رۆژئاوا، شەنگال و کەمپی پەنابەرانی مەخمور بووە، مایەی توڕەیی و بێزاری زۆری ئێمەیە. ئەو هێرشانە شتێکی نوێ نین. ئەمەش بە هۆی ئەوەی رۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە بووەتە شۆڕشێکی نمونەیی کۆمەڵایەتی، فیمینیستی و ئیکۆلۆژیکی. بەم جۆرە رۆڵی گەورەی لە بەرەوپێشبردنی ژیانی فرەڕەنگ و دیموکراتیک گێڕا، دەریخست کە دەکرێت جیهانێکی دیکە بونیاد بنرێت".
راگەیەندراوەکە بەم جۆرە بەردەوامە: "هەرچەندە هەزاران کیلۆمەتر مەودا لە نێوانماندایە، بەڵام پشتیوانی و هاوسۆزی ئێمە سنور و رەنگە نەتەوەییەکان تێدەپەڕێنێت. ئێمەش وەک گەلی کورد بە هەمان توڕەیی و بڕیاردارییەوە لە بەرامبەر نادادی و لەپێناو خۆبەڕێوەبەری تێدەکۆشین. لە ئابیا یالاش ئێمە رووبەڕووی هەمان ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت بە زۆر و توندوتیژی ئێمە لەناو ببەن. بەڵام تێکۆشانی ئێمە بۆ خۆبەڕێوەبەری ئەمرۆش وەک ٥٠٠ ساڵی رابردوو بەهێزە".
جەختیشیان کردووەتەوە، "پشتیوانی لەگەلی کورد و بزوتنەوەکەی دەکەن و تێکۆشانی ئەوان بە واتای پاراستنی مافی خۆبەڕێوەبردنی ئازاد و خۆبەڕێوەبەریی هەرێمییە. هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە"رۆژئاوا بۆ ئێمە نمونەیەکی بەهێزبوونی گەل و بەرخودانی سیاسییە لە چوارچێوەی شۆڕشێکی راستەقینەدا".
لە راگەیەندراوەکەیاندا بزوتنەوەکانی ئابیا یالا باسیان لەوەکردووە کە بێ مەرج پشتیوان و هاوسۆزی گەلی کوردن و لەو رووەوە رایانگەیاندووە: "وەک گەلان، کۆمەڵگا خۆجێیی و رەسەنەکان، جوتیاران، ئەو گەلانەی ریشەی ئەفریقیان هەیە، ژنانی رەش، ژنان و مرۆڤە کوئیرەکان، بندەستان و چەوساوەکان، شۆڕشگێڕان، ئێمە بە بێ مەرج شان بەشانی گەلی کورد و تێکۆشانەکە لە دژی سەرمایەداری، ستەمکاری و سیستمی کۆلۆنیالیست وەستاوین".
بزوتنەوەکانی ئابیا یاڵا داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی کورد بە تایبەتی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کردووە و رایانگەیاندووە: " ئێمە لایەنگری ئاشتییەکی شکۆمەندانەین، ئاشتیەک کە خۆبەدەستەوەدانی تێدا نییە، ئاشتییەک کە بەهاکان و رەگەزەکانی ژیانمان بە فەرمی دەناسێت. لەسەر ئەو بنەمایە دەنگی خۆمان بۆ ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی هەڵدەبڕین، بەتایبەتیش ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، لەبەر ئەوە زیندانی کردنی ئەو بە واتای هێرشێکە بۆ سەر داواکاری و هیوا رەواکانی گەلێک. گەلێک کە دەیەوێت بە گوێرەی کولتور و نەریتی خۆی بە ئازادی بژی".
لە کۆتاییشدا رایانگەیاندووە: "ئێمە ئەمڕۆ بە هەموو هێزمانەوە پشتیوانی لە گەلی کورد، تێکۆشانی رۆژئاوا و سەرجەم ئەو کەسانەی لە پێناو پاراستنی خاک، وڵات و مافەکانیان لە ژێر هێرشدان و ئەوانەی لە زیندانەکاندان. دەنگی پشتیوانیمان چیا و دەریاکان تێدەپەڕێنێت، تا لە ناو بێدەنگی ژوورەکانی زینداندا بزرینگێتەوە".
ئابیا یالا کە ناوی نیشتمانی نەتەوە و هۆزە رەسەنەکانی ئەمریکای لاتینە، بزوتنەوەکانی لە چەند وڵاتێکی وەک مەکسیک، کۆڵۆمبیا، ئەرژەنتین، برازیل، چیللی و پیرۆ چالاکن و لەپێناو خۆبەڕێوەبەری و چەسپاندی مافە زەوتکراوەکانیان لە تێکۆشاندان.
هـ . ب