ئێران: ئەمریكا بەرپرسی راوەستانی دانۆستانەكانی زیندووكردنەوەی بەرجامە

ئێران رایدەگەێنێت كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرپرسی راوەستانی دانۆستانەكانی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی، ناسراو بە بەرجامە.

سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە یەكەم لێدوانی لەساڵی نوێ هەتاوی رایگەیاندووە:"دەوڵەتی ئەمریكا لەسەر ئەو رێكار و بابەتانەی ماون لەدانۆستانەكانی ڤیەننا تا ئێستا بڕیارێكی سیاسی نەداوە و هەوڵدەدات، ئەو بابەتانەی ماون وەكو بارمتەیەك تێكەڵ بە كێشە سیاسیە ناوخۆییەكانی خۆیەوە بكات".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند؛ ئێمە خەڵكێكی دان بەخۆداگرین و لەو باوەڕەشدام ئێمە نەهێڵە سورەكانمان دەبەزێنین و نە دەست لەداواكاریەكانمان هەڵدەگرین".

دانۆستانەكانی ڤیەننا بەئامانجی كەمكردنەوەی دووبارەی بەربەستەكان لەبەردەم بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و هەڵگرتنی گەماڕۆكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ماوەی ساڵێكە دەستی پێ كردۆتەوە، دوابەدوای راوەستانێكی كۆرتمەودا لەكاتی گۆڕانی كابینەی دەوڵەتی ئەمریكاوە.

ئەم دانۆستاندنانە لەمانگی رابردووەوە راوەستاون و لایەنەكان هەركامە بەرامبەرەكەی بەبەرپرسی راوستاندنی دانۆستانەكان تاوانبار دەكەن.

ف.ق