سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: "لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل وێستگەیەکی حەماسیان کۆنترۆڵکردووە و ٤٥٠ ئامانجیان پێکاوە و فەرماندەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەیان بە هاوکاریی "شین بێت" لەناوبردووە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە نێو ئەو فەرماندانەی بزووتنەوەی حەماس کە کوژراون، بەرپرسێکی تایبەتی ئەمنی هەیە بە ناوی جەمال موسا.
حەماس: بەلایەنی کەمەوە ٢٠٠ کەس لە هێرشەکەی شەودا گیان لەدەست داوە
وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل شەو بۆردومانێکی قورسی لە غەززە ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا لانیکەم ٢٠٠ کەس کوژراون.
لە پەیامی وەزارەتەکەدا هاتووە، "لە کۆمەلکوژیەکەی شەودا بەلایەنی کەمەوە ٢٠٠ کەس شەهید بوون" و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ژمارەیە تەنها لە شاری غەززە و باکوری شاری غەززەیە.
داواکاری 'باکووری غەززە بەجێبهێلن'
جۆناسان کۆنریکوس، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە بە بەیاننامەیەک داوای لە خەڵکی سڤیل کرد باکوری غەززە بەجێبهێڵن کە لە ناوەڕاستی شەڕێکی قورسدایە لەگەڵ حەماس.
کۆنریکوس وتی: بەم شێوەیە دەتوانین حەماس هەنگاو بە هەنگاو، لیوا بەلیوا لە شاری غەززە دەربکەین و بگەین بە ئامانجەکەمان.
لە قودس هێرش بە چەقۆ
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی ئیسرائیل، لە ڕۆژهەڵاتی قودس بە چەقۆ هێرش کراوەتە سەر سەربازێکی ئیسرائیلی و بە سەختی بریندار بووە. هێرشبەرەکەش کوژراوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیتر بەسە
سەرۆکی دامودەزگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەیاننامەیەکی هاوبەش کە بە دەگمەن بەیاننامە دەر دەکەن، توڕەیی خۆیان لە بەرامبەر کوشتنی خەڵکی سڤیل لە غەززە دەربڕی. سەرۆکی ڕێکخراوە پێوەندی دارەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس داوایان کرد کە "دەستبەجێ ئاگربەستی مرۆیی" ڕابگەیەنرێت.
سەرۆکی دامودەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، "نزیکەی مانگێکە جیهان لە بەردەم بارودۆخی ئیسرائیل و خاکی فەلەستین کە لەژێر داگیرکاریدایە، لەبەردەم ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە، تووشی شۆک بووین و سەرمان سورماوە.
سەرۆکی ١٨ دامەزراوە وتیان: "دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیندرێت، بۆ سی ڕۆژ. ئیتر بەسە، دەبێت کۆتایی بەم کارە بهێنرێت.