سوپای رزگاریی نیشتمانیی کۆلۆمبیا بەهۆی کۆرۆناوە ئاگربەستی راگەیاند

سوپاى زرگاریى نیشتمانى (ELN) لە کۆلۆمبیا، کە بە دوا بزووتنەوەى گەریلایی لە کۆلۆمبیا دەناسرێت رایگەیاند، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بە شێوەی یەکلایەنە بۆ ماوەى مانگێک ئاگربەست رادەگەیەنێت.

سوپای رزگاریی نیشتمانیی کۆلۆمبیا رایگەیاند "سوپای رزگاریی نیشتمانی لە ١ی نیسان تاوەکو ٣٠ی نیسان لە پێناو پشتیوانی بۆ هاوکاریی مرۆیی گەلی کۆلۆمبیا، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە ناڕەحەتیدایە، بەشێوەی یەکلایەنە ئاگربەست رادەگەیەنین".

ئەو بزووتنەوە گەریلایی سەرنجی خستەسەر داوا جیهانییەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستێکى جیهانی لە نێوان لایەنەکانى شەڕدا و راشیگەیاند، نەتەوە یەکگرتوەکان هەمان ئەو داوایەشی ئاراستەی هەموو رێکخستنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆلۆمبیاش کردووە و داوای لێکردوون ئاگربەست رابگەیەنن و ئەوانیش لەو چوارچێوەیەدا ئاگربەستیان راگەیاندووە.

میگویل سیبالۆس نوێنەری حکومەت بۆ ئاشتی لە رادیۆ دەبیلۆ رایگەیاند "ئێمە تازە بە تازە ئاگادارکراوینەتەوە، کە سوپای رزگاریی نیشتمانی بۆ مانگێک ئاگربەستی راگەیاندووە. من لەو بڕویەدا وڵات لەو بوارەدا چاوەڕوانی و ئومێدی زیاتری هەیە، چونکە ئێمە کێشەیەکى گەورەی وەک کۆرۆنامان لەرێگەدایە، ئەگەری ئەوە هەیە هەزاران کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست بدەن".

ئەو بزووتنەوە گەریلایی رایگەیاندووە، ئەگەر لە کاتی ئاگربەستدا هێزە ئەمنییەکان، یان چەتەکانى مادەی هۆشبەر (نارکۆ ترافیک) هێرش بکەنە سەریان ئەوان مافی خۆپاراستن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەکار دەهێنن.

ژ.ت