نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی مافی ژنانی کرد

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی ژن و منداڵانی کچ لە ماڵەوە کرد.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا توندوتیژی بەرانبەر ژنان لەناو ماڵدا زیادیکردووە. سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان هەم بە شێوەیەکی نووسراو و هەم بە دیمەن و بە زمانی فەڕەنسی، عەرەبی، ئیسپانی، چینی و ڕووسی و زۆر زمانی تر پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببینەوە داوای ئاگربەستی جیهانیمان کردبوو و لە ئێستاشدا داوا دەکەین ژنان بپارێزرێن.

گوتیرێس وتی، "بەداخەوە زۆر ژن و کچ دەبنە قوڕبانی توندوتیژی".

گوتیرێس ڕاشیگەیاند، ژنان لەجیاتی ئەوەی زیاتر بپارێزرن، بەڵام زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و وتی، "بەو هۆیەوە بۆ ئاشتی جیهانی، ئاشتی خێزانی لە ناو ماڵدا ئەم داواکاریە دەکەین."

گوتیرێس ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی هەفتەیەکە لە رووی ئابۆری و کۆمەڵایەتیەوە فشارەکان ڕوویان لەزیادبوون کردووە و لە لایەکی ترەوە ترسی ئەوە هەیە توندوتیژی ناو خێزانیش زیاتر ببێت.

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو حکومەتەکان کرد ڕێوشوێنی توند لەوبارەیەوە بگرنەبەر و هاوکاری قوڕبانیان بکەن.

ف.ق