نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆرۆنا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئابووریی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو

ئابوریناسانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان رایانگەیاند، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەى ئابووریی وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان، کە ٢ لەسەر ٣ی دانیشتوانی جیهان لەو وڵاتانەدا دەژین.

کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئونکتاد - UNCTAD) راپۆرتێکى لەبارەى کاریگەریی کۆرۆنا (Covîd-19) لەسەر قەیرانی ئابووری ئامادە کرد و راپۆرتەکە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە جنێڤ بڵاوکرایەوە.

داواى ٢.٥ تریلیون دۆلار بۆ وڵاتانی تازە گەشەسەندوو کرا

لە راپۆرتەکەدا باسی کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر قەیرانی ئابووری لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو کراوە و تیایدا هاتووە، وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بە تورکیاشەوە، بۆ ئەوە رێگری لە هەڵوەشاندنەوەى ئابووریان بکرێت دەبێت ١.٥ تریلیۆن دۆلار هاوکاری بکرێن و ئەو ١ تریلیۆن دۆلارەش کە وەک قەرز لەسەریانە و دەبێت ئەمساڵ بیدەنەوە، دەبێت دانەوەى لە ئەمساڵدا هەڵبوەشێتەوە.

هەروەها پێشنیازکراوە، بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە بڕی ٥٠٠ ملیار دۆلار هاوکاریی کەری تەندروستیی وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان بکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە "لەبەر ئەوەى ئەو وڵاتانە ناتوانن بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە رووبەرووی کارەسات دەبنەوە و پێشکەوتنە ئابوورییەکانیان رادەوەستێت".
ژ.ت