چوار وڵات ناردنی هێزی سەربازی دەوڵەتی تورک بۆ لیبیا ڕەتدەکەنەوە

وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی ئیتاڵیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا سەبارەت بە ڕووداوەکانی لیبیا لە برۆکسل کۆبوونەوەو ناردنی هێزی سەربازی دەوڵەتی تورک بۆ لیبیایان ڕەتکردەوە.

سەبارەت بە تاوتوێکردنی ئاڵۆزی و ڕووداوەکانی لیبیا، وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی ئیتاڵیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە برۆکسل کۆبوونەوە.

پاش کۆبوونەوەکە، جۆزێف بۆریل نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بەتێپەڕبوونی هەرڕۆژێک ئاستی توندوتیژییەکان لە لیبیا زیاتر دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە: دەبێت دەستێوەردانە دەرەکییەکان کۆتایی بێت و ئێمە پلانی تورکیا بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا ڕەتدەکەینەوە.

لویگو مایۆ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش پاش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: لە ئێستادا لیبیا هەڕەشەی کۆچبەری بەر بە ئەوروپا و تیرۆریزم پێک دەهێنێت، پێویست بوو ئەم کۆبوونەوەیە لە لیبیا ئەنجام بدرایە، بەلام لەبەر دۆخی ئەمنی ڕێگە نەدرا ئەو کۆبونەوەیە لەوێ بەڕێوەبچێت، بەڵام یەکێتی ئەوروپا لە سبەی و داهاتوودا سەبارەت بە دۆخی لیبیا ستراتیژییەتی خۆی دەستنیشان دەکات.

ب.ش