کۆرۆنا هەڕەشە لە ٢٠ ملیۆن کرێکاری ئەفریقی دەکات

بە بەراورد بە چین، ئەوروپا و ئەمریکا پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا کاریگەرییەکى قورسی لەسەر ئەفریقا دروست نەکردووە، بەڵام کاریگەریی قورسی بۆ ئابووریی ئەفریقا لێکەوتووەتەوە.

بەپێى راگەیاندراوی یەکێتیى ئەفریقا، ئەگەری ئەوە هەیە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە هۆی بێکاربوونی ٢٠ ملیۆن کەس و ئەوەش قەیران و قەرزێکى زۆر بە دوای خۆیدا دروست دەکات.

ئەگەر ئەو دۆخەى ئیستا بەردەوامیی هەبێت، لە کەرتی حکومەى و تایبەتدا لە کیشوەری ئەفریقا ٢٠ ملیۆن کەس بێکار دەبن. ئەو وڵاتانەى ئابوورییان لەسەر گەشتیاری و نەوتە لە بەردەم هەڕەشەیەکى گەورەدان.

لێکۆڵینەوەکەى یەکێتیى ئەفریقا لە ٣٥ لاپەڕە پێکهاتووە و باس لە دوو سیناریۆ دەکات. بەپێی سیناریۆی یەکەم پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا  تاوەکو مانگی تەمموز بەردەوامیی دەبێت و کاریگەرییەکى زۆر گەورەی لەسەر ئەفریقا نابێت، لە سیناریۆی دووەمیشدا باسی ئەوە کراوە، پەتاکە تاوەکو مانگی ئاب بەردەوامیی دەبێت و کاریگەریەکی زۆر لەسەر ئەفریقا دادەنێت.

لە ئەگەری روودانی هەر یەک لەو سیناریۆیانەدا کاریگەرییەکى زۆر خراپ و گەورە لەسەر ئابووری ئەفریقا دروست دەبێت. بەپێی سیناریۆی یەکەم رێژەى ٠.١ و بە پێی سیناریۆی دوەم رێژەى ١.١ لە گەشەی ئابووریی کیشوەری ئەفریقا کەم دەبێتەوە.

تاوەکو رۆژی دووشەممە لە ٥١ وڵاتی ئەفریقادا ٩ هەزار و ١٩٨ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٤١٤ کەسیش لەو وڵاتانەدا ژیانیان لە دەستداوە.

ژ.ت