کەنەکە: دەبێت دەستبەجێ هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕابگیردرێت

کەنەکە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردانەوەی نیشاندا و بانگەوازی لە هێزە نێونەتەوەییەکان کرد ڕێگری لە هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک بکەن.

کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بانگەوازی لە هێزە هاوپەیمانەکان لەهەرێمەکە، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەی کرد کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕابگرن وبەرپرسیارێتی خۆیان وەربگرن.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە هاتووە: "لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ڕووداوەکان لە سووریا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، هێرشی هەرێمەکانی ژێر دەستی قەسەدە کرد. ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە و لە ناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە. دەوڵەتی تورک لەگەڵ هێرشەکانی دەستێوەردان لە سووریا دەکات و هەوڵدەدات لە تەواوی هەرێمەکان دەسەڵاتی دابنێت.

بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە دژی مرۆڤایەتییە

تورکیا هەموو هێزە سەربازییەکانی، سیاسی و دیپۆلۆماتیکەکانی سەفەربەر کردوە. بە هەزاران سەربازی هەرێمەکە داناوە، بە هەموو جۆرە چەکێک، فرۆکە، درۆن، تانک و تۆپ هێرشی گەلی کورد دەکات و مەدەنییەکان بە ئامانج دەگرێت. بە پێی ڕاگەیاندراوی قەسەدە لە هەفتەکانی ڕابردوودا ٣٨ مەدەنی کە منداڵ، ژن، ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندی تێدابووە شەهید کراون. دواینجار فرۆکەی جەنگی هێرشی ناوەندی سرینی کرد و ١٣ کەس گیانیان لە دەستدا و گەلێکیش بریندار بوون. لە هەمانکاتدا هێرشی شارۆچکەی زرگانی کرد و چەندین مەدەنی شەهید بوون.

دەوڵەتی داگیرکەر بە هێرشەکانی هەموو یاسا و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان لە دژی مرۆڤایەتی پێشێل دەکات و شەڕەکەی لە هەرێمەکە بەرفراوانتر دەکات. بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق بە ئامانج دەگرێت، هێرشەکانی لە تەواوی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. جیهان و هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی و نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەرانبەر ئەم هێرشانە بیدەنگن، هیچ پێویست هەڵوێستیان پیشاننەداوە. بێدەنگییان شەرمەزارییە لە دژی مرۆڤایەتی.

دەبێت هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی دەستبەجێ ڕێ لەم هێرشە دڕندانە بگرن

پێویستە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بزانێت، ئەگەر مەبەست و ئەرکەکەی لە دژی تیرۆری داعش شەڕ دەکەن، ئەم گروپانەی کە لەژێر دەسەڵات و هاوکاری دەوڵەتی تورکدا دژی هێزەکانی قەسەدە و کوردان شەڕ دەکەن، هەمان زیهنیەتی داعش و جیهادیستەکانیان هەیە.

بوونی ئەم چەتانە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێمەکە دروست دەکات، هەمان هەڕەشە لەسەر ئاسایشی جیهان دروست دەکات. هەربۆیە ئەرکی هاوپەیمانانی نێونەتەوەییە کە دەستبەجێ بە ئەرکی خۆیان هەستن و پێش لەم هێرشە دڕندانە بگرن.

گەلی کورد و هەڤاڵانی وەک هەموو کاتێک لە دژی ئەم چەتە و تیرۆریستانە لە بەرخۆدانی کردوە و شەڕی کردوە، وە لەم کاتەشدا بەهەمان ئیرادە و باوەڕ لە دژی ئەم هێزانە شەڕ دەکات. هیچ گومانێک نییە کە ئەم ئیرادە سەردەکەوێت. بە هەزاران ژن، خەڵکی هەرێمەکە وەک قەڵغانی زیندو لە بەنداوی تشرینن و دەیپارێزن.

هیوای خەڵکی هەرێمەکە ئەوەیە کە هێزە هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا و جیهانی مەیدانی دەستبەجێ کۆتایی بە بێدەنگی بێنن و بە ئەرکی سەرەکی خۆیان ڕاپەڕن کە پێش لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بگرن.

خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە گەلی کورد و دۆستانی بە ئیرادەیەکی بەهێز و بە ڕۆحی سەفەربەری خاوەندارێتی لە بوونی خۆی دەکات و پشتگیری هێزەکانی قەسەدە دەکات".