پەیامی پەژاک بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە

پەژاک لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ئەو جەژنەوە رایگەیاندووە، "لە جەژنی قورباندا تێکۆشان بەرامبەر پرۆسەی روو لە هەڵکشانی شەڕ و کۆمەڵکوژی کولتوری دژ بە کورد، فراوان بکرێت".

کۆمیتەی ئایین و باوەڕییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە، "وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە کۆمەڵگەی مسوڵمانان و گەلەکەمان، بانگ لە سەرجەم گەلان و کۆمەڵگاکان دەکەین بۆ یەکێتی و یەکڕیزی و خەبات لە پێناو بەرزکردنی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک. لە وەها رۆژێکدا پشتیوانی لە رێبەر ئاپۆ وەک ئەندازیاری ژیانی ئازاد و دیموکراتیک، یارمەتی بەرچاو بە ئازادی گەلەکەمان و ئازادی گەلانی چەوساوە دەگەیەنێت. هیوادارین لە سایەی جەژن و بۆنەکانی وەک جەژنی قوربان، ریزەکانی یەکگرتن و مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازی و دیموکراسی خوازی بەهێزتر بێت و تێکۆشان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەی ئازاد فراوانتر بکرێت".

دەقی تەواوی راگەیەندراوی کۆمیتەی ئایین و باوەڕییەکانی پەژاک بەم جۆرەیە:

"جیهانی ئیسلام لە کاتێکدا جەژنی قوربان پیرۆز دەکات کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە چەقی شەڕ و کوشتار لە دژی گەلانی چەوساوە. دەوڵەت هەژمونگەرا و داگیرکەرەکان بە ئامنجی لەناوبردنی گەلانی چەوساوە و پەرەپێدان بە کۆلۆنیالیزم لە دژی گەلانی دیکە چەندین شەڕیان هەلگیرساندووە کە ئاگرەکەی لە غەززەوە تا کوردستانی تەنیوەتەوە.

جەژنی قوربان لە نێو مسوڵماناندا وەک رۆژی جەژنی تێپەڕاندن لە چەمکی قوربانیکردنی مرۆڤە، بەڵام لەمڕۆدا ئەوەی بووەتە بەشی گەلانی چەوساوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوشتاری یەک لە دوای یەک، داگیرکردنی وڵاتان، گۆرینی دیموگرافیا و جینۆسایدی کولوتوری و تواندنەوەی کولتوریی چڕە. سیستمە دەوڵەت-نەتەوەکان بە ئەقڵیەتی سیستمی سەرمایەداری دەستیان بە سڕینەوە و لەناوبردنی گەلانی بێ بەگری کردووە. لە ئێران ئەم دۆخە پێیناوەتە قۆناغی مەترسیداری لەناوبردنی کۆمەڵگە لە سەر دەستی سیستمی سەرکوتگەر. تا ئەو کاتەی هێرشە بەربڵاوەکانی تورکیا بۆ سەر بەشە جیاجیاکانی کوردستان و سیاسەتی سەرکوتکارانە و تواندنەوەی کولتوری ئێران لە دژی کوردەکان بەردەوام بێت و لە سوریا  وعێراق رێز لە مافەکانی کورد نەگیرێت و لە غەزە کوشتار خەڵکانی مەدەنی بێ بەرگریی بەردەوام بێت، جەژنەکان مانایەکیان نابێت.

بێگومان پشکی کوردەکان شەڕ و کوشتار و جینۆسایدی کولتوری بووە. بێدەنگی لە بەرامبەر کۆمەڵکوژیەکانی رژێمەکانی باڵادەست لە ناوچەکە، بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم ئاستە لە شەڕ کە تیایدا چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا بەکاردەهێندرێت، پاشەکشێیە لە ئەرکە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان. پێویستە لە جەژنی قورباندا تێکۆشان لە دژی رەوتی روو لە هەڵکشانی شەڕ و کۆمەڵکوژی کولتوری لە دژی کوردەکان پەرەی پێبدرێت. جەژن و بۆنەکان کاتێک دەبنە هێمای ئاشتی و ئارامی و ئاسایش و گەشەی کۆمەڵایەتی و گەلان، کە بەرەنگاری شەڕ و کوشتارە یەک لەدوای یەکەکە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینەوە و جەژنی قوربان ببێتە هێمای ئاشتی. ناوەرۆکی راستەقینەی جەژنی قوربانیش ئەمەیە کە رێگری لە قوربانیکردنی گەلانی چەوساوە بکرێت. لەمڕۆدا مرۆڤەکان، ژینگە و نیشتمانەکانی ئاشتی و ژیان و ژنان بە ئاسانی دەبنە قوربانی چاوجنۆکی دژە مرۆیی و هەژمونگەرایی سەرمایەداری و دەسەڵاتخوازان. لە وەها قۆناغێکدا یەکەم ئەرک لە بۆنە و جەژنەکاندا، پتەوکردنی پایەکانی یەکڕیزی لە دژی ستەم و جەنگە.

کۆمیتەی ئایین و باوەڕیەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە کۆمەڵگەی مسوڵمانان و گەلەکەمان، بانگ لە سەرجەم گەلان و کۆمەڵگاکان دەکەین بۆ یەکێتی و یەکڕیزی و خەبات لە پێناو بەرزکردنی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک. لە وەها رۆژێکدا پشتیوانی لە رێبەر ئاپۆ وەک ئەندازیاری ژیانی ئازاد و دیموکراتیک، یارمەتی بەرچاو بە ئازادی گەلەکەمان و ئازادی گەلانی چەوساوە دەگەیەنێت. هیوادارین لە سایەی جەژن و بۆنەکانی وەک جەژنی قوربان، ریزەکانی یەکگرتن و مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازی و دیموکراسی خوازی بەهێزتر بێت و تێکۆشان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەی ئازاد فراوانتر بکرێت".

هـ . ب