هەڵبژاردنێك كە ئەنجامەكەی دیارە!!

كاندیدبوونی مەسعود پزشكیان بەناو ریفۆرمخواز بۆ راكێشانی هەست و سۆزی گەلی كورد و ئازەریە و پەسەندكردنەكەشی لەلایەن رژێمی پیلانگێڕەوە بۆ هەڵخەڵەتاندن و بەلارێدابردنی گەلان.

رەنگە زۆر كەس بپرسێت ئەگەر ئەنجامێی هەڵبژاردنێك پێش ئەوەی بەڕێوە بچێت دیار بێت، ئەدی بۆچی هەڵبژاردن دەكەن و ئەو هەموو كات و مەسرەفەی لەبەرچی بۆ دەكرێت، ئەدی بۆ ئەو هەموو گەل و رای گشتیە پێیەوە سەرقاڵ دەكرێت. سیستەمی دەوڵەتگەرای ناوەندی سەرمایەداری یەك لەو فێڵانەی كە بۆ رەوایەتی دانی سیستەمەكەی بەكار دێنێت هەڵبژاردنە. هەڵبژاردن وەك پرۆسەیەك بەناو دەكەن، گوایە لەو پرۆسەیەدا گەلان بەشداری دەكەن و بەشێوەیەكی دیموكراتیانە و ئاشتیانە میكانیزمەی دەسەڵاتداری سیستەم دەگۆڕن، ئەمەش نە لەبەر ئەوەی كە سیستەمی دەوڵەتگەرای ناوەندی سەرمایەداری گەل بەبنەما دەگرێت، یا خود سیستەم لەخەم و پەژارەی مەینەتیەكانی گەلان دایە، بەڵكو ئەساسەن لەژێر ناوی پرۆسەی هەڵبژاردن سیستەم رەوایەتی دەدات بەدەسەڵات و سەرمایەی قۆرخكراو و دزی و تاڵانی نرخ و بەهاكانی كۆمەڵگەكان و گەلان.

یەك لەو سیستەم و دەوڵەتانەش، رژێمی ئێران و دەوڵەتی بەناو كۆماری ئیسلامی شیعە مەزهەبی دووازدە ئیمامیە. رژێمی ئێران هەر دوای دەستبەسەرداگرتنی نرخەكانی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەردەسەڵات بەداتاشینی ناسنامەی ئایدیۆلۆژی ئیسلامی ـ شیعەی دوازدە ئیمامی ویلایەتی فەقێ دژایەتی خۆی بۆ گەلان و ژنان و ئاین و ئاینزا و باوەڕیەكانی تر راگەیاند. لەیاسای بنەڕەتی رژێمی ئێراندا پیاو وەك ناوكی سیستەمەكە و باوكی رۆحی و جێگرەوەی خوا لەسەر زەوی نەخش كراوە. بەپێی ئەو یاسایە ژن ناتوانێت لەپلە و پۆستە باڵاكانی ئەو رژێم و دەوڵەتەدا جێ بگرێت، ژنان وەك چۆن لە كایەكانی كۆمەڵگەی پیاوسالاریدا تەنیا رۆڵی دایكایەتیان پێ رەوا دەبینرێت لەئاستی بەڕێوەبەریشدا، تەنیا بۆ سەرخستنی پیاوان لەسەر كورسی دەسەڵات و دەوڵەت دەنگدانیان پەسەند دەكرێت، چونكە لەیاسای بنەڕەتی رژێمی ئێراندا، پیاوی سیاسی"رجال السیاسیە"دەتوانێت لەپۆستە باڵاكانی حكومەت و دەوڵەتدا جێ بگرێت.

یەك لەكاراكتەرە سەرەكیەكانی دەوڵەت و رژێمی ئێران پیلانگێڕییە. واتا ئەو رژێم و دەوڵەتە بەڕژێم و دەوڵەتێكی پیلانگێڕ بەناوبانگە و لەو بوارەدا خاوەن پاشخانێكی قووڵی مێژووییە. هەمیشە ئەوانەی لەسەر دەسەڵات و داهاتووی خۆی بەمەترسی دەبینێ، بەڕێگەی چەپەڵترین و نامرۆڤانەترین پیلانگێڕیەكان لەناو دەبات و لەو بوارەدا خاوەن شارەزاییەكی تایبەتە و وەك میراتێك لەدەسەڵاتێك بۆ دەسەڵاتێكی تر بەجێ ماوە و تا رۆژگاری ئەمڕۆمان هاتووە. هەر لە هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی مادەكان و مانی و مەزدەك و حەسەن سەباح و بابەك و مەنسوری حەلاج و مەولاناوە بگرە، تا هەڵوەشاندنەوەی كۆمار و شەهیدخستنی قازی و یارانی و تەنانەت ئەوانەیشی كە لە ناو خودی دەسەڵاتدابون و كاتێك وەك كارتێكی سوتاویان لێهات لە كوشتنیان دەستی نەپاراست وەكو بەنی سەدر و ئەمیركەبیر و رەفسنجانی و رەئیسی هەموو قوربانی دەستی ئەو رژێم و سیستەمە كۆنەپەرستەن.

رایەكی گشتی لەنێو شەقامی ئێرانیدا هەیە كە دەڵێن رژێمی ئێران مرۆڤ بە لۆكە دەكوژێت. كوشتنێكی نەرم، چەواشە و بەلارێدا دەبات، هەڵتدەخەڵەتێنێ و بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكەی لەناوت دەبات، ئەوەش كاراكتەری ئەو رژێمەیە. جاری وا هەیە كوشتنێكی جەستەیی و جار واش هەیە لەبواری رۆحی و زیهنیەوە تەسفیەت دەكات.

لەمردنەكەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆككۆماری ئێران، گۆمان و گریمانەكان زۆر بوون و خوێندنەوەی زۆریش بۆ ئەو مردنە كرا. بەڵام هەر زوو كەسی یەكەمی رژێم"عەلی خامنەیی"لەشاشەی تیڤیەكانەوە دەركەوت و ووتی؛ لەبەرێوەبردنی وڵاتدا هیچ كێشەیەك دەرناكەوێت و بەبێ ئەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەرووداوی مردنەكەی ئێبراهیم رەئیسی و وەفدەكەی هاورێی بگەنە ئەنجام، رژێم بەخۆی رایگەیاند كە رووداوەكە، رووداوێكی سروشتی بووە و كەس دەستی لەمردنی رەئیسیدا نەبووە. ئەو لێدوانانەش هەم گومانەكانی لەسەرمردنی رەئیسی زۆر كرد و هەم رێگەی لەبەرخوێندنەوەی زۆر لەرووداوەكە كردەوە. بەجۆرێك كە زۆر كەس پێیان وایە مردنی سەرۆككۆمار"ئیبراهیم رەئیسی" مردنێكی سروشتی نەبووە. پێدراوەكان زیاتر دەرخەری ئەو یەكە بوون كە دەستی دەوڵەتی تورك و ناتۆ و ئەمریكا لەمردنەكەی رەئیسی دا هەبێت و هەندێكیش پێیان وابوو كە دەستی خۆدی رژێم لەمردنەكەی سەرۆككۆماردا هەبێت و باس لەوەش كرا كە ئەگەر دەستی دەوڵەتی تورك و ناتۆ و ئەمریكا لەو رووداوەدا هەبێت، ئەوا رژێمی ئێران كەسایەتی تر لەئاستی ئیبراهیم رەئیسی دا كە ملكەچ بێت بەرێنمایەكانی رێبەری ئێران و سوپای پاسداران و ئەگەریش دەستی خودی رژێم لەمردنەكەی رەئیسیدا هەبێت، ئەوا كەسێكی بیرۆكرات و نەرم و نیان كە هاوڕا بێت لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەدا و بەڕووی سیاسەتی دەرەوەدا كراوە بێت، دادەنێت. بەڵام دوابەدوای ئەرێ كردنی بەربژێرەكان"كاندیدەكان" لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی رژێم"شورای نگەهبان"، ئەوەی وەك سەرۆككۆماری داهاتووی رژێم و ئێران هەڵبژێردرێت هەر لەئێستاوە دیارە. یا قاڵیباف یا موستەفا پور محەمەدی دەستنیشان دەكرێت و لەپێشدا دیزاین كراوە.

 

مەسعود پزشكیان مۆرەیەكی سووتاوی رژێم

گەلانی ئێران بەتایبەتی گەلی كورد و ئازەری و بەلووچ و گیلەك و مازنی و عەرەب و فارس و ... بەهەموو پێكهاتەكەیەوە ئەزموونی هەم لەموحافزەكارەكان و هەم لەڕیفۆرمخوازەكان هەیە و هەردوویانی تاقی كردۆتەوە و لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا رووی ریفۆرمخوازەكانیش بەگشتی بۆ گەلانی ئێران دەركەوت بەتایبەتی بۆ گەلی كورد و ئازەری. كاندیدبوونی مەسعود پزشكیان بەناو ریفۆرمخواز بۆ راكێشانی هەست و سۆزی گەلی كورد و ئازەریە و پەسەندكردنەكەشی لەلایەن رژێمی پیلانگێڕەوە بۆ هەڵخەڵەتاندن و بەلارێدابردنی گەلانە بۆ سەر سەندوقەكانی دەنگدان و ئەو كەسایەتیە بەهۆی ناسنامەیەكەیەوە لەوپەڕی زانابوونەوە دیاری كراوە؛ چونكە رژێم باش دەزانێت بەو مێژووە رەشەی لەماوەی چل و پێنج ساڵ تەمەنی نەگریسی خۆی بەسەرگەلانی ئێراندا كەس باوەڕی بەهەڵبژاردنی نمایشی لەو وڵاتەدا نەماوە و بەئاسانی بەو فێڵ و تەڵەكەبازیانەوە ناچنە سەرسەندوقی دەنگدان و دەنگ بدەن و بەو وەعد و پەیمانە درۆیانەی رژێمیش باوەڕ ناكەن. ئەساسەن ئازەری بوونەكەی پزشكیانیش پەیامێكە بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك كە رژێمی ئێران كەسایەتیەكی ئازەری بۆ پۆستی سەرۆككۆماری ئێران كاندید كردوە، بەڵام دەوڵەتی توركی داگیركەریش هاوشێوەی رژێمی ئێران بەو فێڵ و تەڵەكەبازیانە هەڵناخەڵەتێت.