ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ٢٤٧ ڕۆژە دەستبەسەرکراوە و بە تۆمەتی ناڕەوا دادگایی دەکرێت

٢٤٧ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس، سلێمان ئەحمەد لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە بە فەرمانی میتی تورک تێدەپەڕێت، بڕیاریش وایە لە ٣٠ـی ئەم مانگەدا بە تۆمەتی ناڕەوا دادگایی بکرێت و پرۆسەکەش سەرنجی رای گشتیی ناوخۆیی و دەرەوەی لەسەرە.

سلێمان ئەحمەد کێیە؟

سلێمان ئەحمەد خەڵکی جندرێسی سەر بە عەفرینی داگیرکراوە و ئەزموونی چەندین ساڵ کاری ڕۆژنامەنووسی هەیە لە هەمان کاتدا هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزە، وەک ڕۆژنامەنووسێکی ناسراو لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و پابەندی بە بنەماکانی ڕۆژنامەوانی بوو.

سلێمان ئەحمەد بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ کارکردن ڕووی لە باشووری کوردستان کردبوو، بۆ بەشداریی کردن لە پرسەی باوکی گەڕایەوە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەی لە پرسەی باوکی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە ٢٥ـی تشرینی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە بەرەو شوێنێکی نادیار ڕفێندرا.

ڕۆژنیوز ئاژانسێکی هەواڵییە و بە زمانەکانی کوردی (سۆرانی، کرمانجی)، تورکی و عەرەبی لە چوارچێوەی هێڵی ئازادیی، وڵاتپارێزیی، ژن و ژینگە وەشانی خۆی دەکات، ناوەندەکەی لە شاری سلێمانی باشووری کوردستانە.

پرۆسەی ڕفاندن و تۆمەتبارکردنی سلێمان ئەحمەد

دوای بێسەروشوێنبوونی سلێمان ئەحمەد، لە دوای پێنج ڕۆژ و لە بەرواری ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، بە هۆی فشارەکان لەسەر پەدەکە، ئاسایشی دهۆک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەدەکەدا، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە، گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد “پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە و بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە” هەروەها بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان کردووە لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە. لە بەرامبەریشدا ئاژانسی ڕۆژنیوز هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاندووە، "سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە، بە تۆمەتێکی ناڕەوا دەیانوێت هاوشێوەی زیندانیانی بادینان سزای بەسەردا بسەپێنن".

ئەمە لە کاتێکدایە، لە هیچ بەند و ماددەیەکی یاساکانی عێراقدا ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان یان هەر پارت و لایەنێکدا تاوان نییە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دەستبەسەرکردنەکەی ئەو ڕۆژنامەنووسە بە تەواوی سیاسییە و بە ڕێنمایی میتی تورک ئەنجامدراوە.

ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە ماوەی هەشت مانگی دەستگیرکردنیدا بۆ یەک جاریش ڕێگەی پێنەدراوە بنەماڵەکەی ببینێت، تەنها یەکجار لەگەڵ خانەوادەکەی بە تەلەفۆن بۆ ماوەی دوو خولەک قسەی کردووە. تاکو ئێستا لە هەموو مافەکانی یاسای زیندانی و مرۆڤایەتی بێبەشکراوە. دوای هەشت مانگ تەنیا جارێک دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا لەگەڵ پارێزەرەکەی کۆ ببێتەوە. ئەمەش بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بنەماکانی ڕۆژنامەوانی دادەنرێت.

ڕۆڵی سلێمان ئەحمەد لە بەرخۆدانی دژی داعش

سلێمان ئەحمەد لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە و لەو کاتانەش ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە ڕووماڵکردنی بەرخۆدانی هێزە کوردییەکان دژی داعش. لە کاتی ڕووماڵی شەڕی داعشدا چەندین جار ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، لە کاتی شەڕی داعشدا بێ جیاوازیی و باکگراوندێکی سیاسیی کاری ڕۆژنامەوانی خۆی کردووە، لەو ڕووەوە خزمەتێکی زۆر دەکات چەندین بەرهەمی ئازار و مەینەتییەکانی گەلی کورد و ڕاستی ڕووداوەکان دەگەیەنێتە ڕای گشتیی ناوچەکە و جیهانیش.

پرۆسەی یاسایی و دادگاییکردنی چاوەڕوانکراو

تا ئێستا یەکجار ڕێگە بە سلێمان ئەحمەد دراوە پارێزەرەکەی ببینێت، لەو ڕێگەیەوە زانرا کەوا بەرواری ٣٠ـی حوزەیران ڕۆژی دادگاییکردنی سلێمان ئەحمەدە، هەرچی سلێمان ئەحمەد بەبێ تاوانی و بە مادەی (١) لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان دەستبەسەرکراوە و دادگای دەگرێت، ڕای گشتیی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیش لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆسەیە دەکەن و داوا لە پەدەکە دەکەن ڕێز لە ئازادیی ڕۆژنامەوانی بگرێت و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی بێ تاوان کەوا لەسەر کایەی ڕۆژنامەوانی دەستگیرکراون ئازاد بکرێن.

هەڵسەنگاندن لە ڕووی ڕۆژنامەوانی و مافی مرۆڤەوە

دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد لە ڕووی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و مافەکانی مرۆڤەوە بە پێشێلکارییەکی گەورە دادەنرێت. توانای ڕۆژنامەنووسان بۆ کارکردن بە ئازادیی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکان دەستیان بە زانیاریی دروست بگات. بارودۆخی سلێمان ئەحمەدیش ڕەنگدانەوەی ئەو ئاڵنگارییەیە کە نەک تەنیا تاک بەڵکو ڕۆژنامەنووسان بە گشتیی ڕووبەڕووی دەبنەوە کە پەدەکە لەسەر ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەکات و بۆ سلێمان ئەحمەد و ڕۆژنامەنووسانی دیکەش تۆمەتی سیخوڕیی و تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دەداتە پاڵیان، بە ئەنقەست چالاکییە پیشەییەکانی ڕۆژنامەنووسان دەشێوێنێت.

ئەنجام و چاوەڕوانییەکان

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دادگاییکردنی سلێمان ئەحمەد کە بڕیارە لە ٣٠ـی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت، سەرنجی گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئەم ڕووداوە چڕ دەبێتەوە. داوا دەکرێت کەوا لە چوارچێوەی یاساکانی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت و سلێمان ئەحمەدیش ئازاد بکرێت. ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پرسی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ لە ناوچەکەدا پێویستە لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە هەڵبسەنگێندرێت.

هـ . ب