شەهید هەڵمەت بە مەراسیمێکی شکۆدار بەبیر هێنرایەوە

بە مەڕاسیمێکی شکۆدار پێنجەمین ساڵیادی شەهید بوونی دیار غەریب "شەهید هەڵمەت"، بەدەستپێشخەری کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لە مەزارگەی شەهیدان لە بناری قەندیل بە بیر هێنرایەوە.

ئەمڕۆ بە دەستپێشخەری کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، پێنجەمین ساڵیادی شەهید دیار غەریب ناسراو بە "هەڤاڵ هەڵمەت"، بە شێوەیەکی جەماوەری لەسەر مەزارگەی شەهیدان لە بناری قەندیل، بەڕێوەچوو.

لە مەڕاسیمەکەدا وێڕای بنەماڵەی شەهید هەڵمەت، ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەدار، وڵاتپارێز و کەسوکاری شەهیدان لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانەوە بەشداری بەبیرهێنانەوەکە بوون.

سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد و دواتر چەندین وتار پێشکەش کرا.

وەهاب ئەحمەد لەسەر ناوی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، شەهید هەڵمەت پێنج ساڵ پێش بە دەستی سیخوڕ و بەکرێ گیراوانی داگیرکەران شەهیدبوو، هەڤاڵ هەڵمەت لە هەموو بوارەکاندا کەسایەتییەکی پێشەنگ و وڵاتپارێز بوو، هەڤاڵ هەڵمەت سیمبولێکە، بەڵێن دوبارە دەکەینەوە هەموومان ڕێباز و تێکۆشانی بەرنەدەین و بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی.

هەروەها دواتر دکتۆر بەکر لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، وێرای بەرز نرخاندنی کەسایەتی شەهید هەڵمەت قسەی کرد و وتی: "جێگای داخە کە هێزێکی وەکو پەدەکە، کە باسی کوردایەتی دەکات، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو پێش دەوڵەتی داگیرکەری تورک کەووتوە و ڕێنمایی پێ دەدات دژی گەریلاکانی ئازادی و داگیرکردنی هەرێمی کوردستان، بەڕاستی جێی شەرمەزارییە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو دژی گەریلاکان بەکار دەهێنێت، بە بێئەوەی یاسا نێوەدەوڵەتیەکان لەبەر چاو بگرێت و لە ئێستاشدا بە هێزێکی زۆرەوە ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە، لێرەدا ئەوەی دەردەکەوێت دوژمنان هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیچ تاکێکی کورددا ناکەن و هێندەی پێیان دەکرێت کۆمەڵکوژیی ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کوردە هەڵوێست و کاردانەوەیەکی جدی بنوێنن.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا چەندین وتار و شیعر لەلایەن وڵاتپارێزان و هاوڕێ و هاوخەباتکارانی شەهید هەڵمەتەوە پێشکەشکران.

دیار غەریب، ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ڕۆژی ٥ـی تەمموزی ٢٠١٩ لە هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە قەندیل، لەگەڵ دوو هەڤاڵی شەهیدبوو.