سوپای داگیرکەری تورک لە دهۆک خاڵی پشکنینی داناوە

دەوڵەتی تورک کە هێرشە داگیرکارییەکانی و پشتیوانیکردنی سەربازی لە باشووری کوردستان زیاترکردووە، بەم دوایانە هەڕەشەکانی زیاترکردووە و لە دهۆک خاڵی پشکنینی داناوە. دیمەنی خاڵەکانی پشکنین بڵاوکراونەتەوە.

ئاژانسی ڕۆژنیوز بەهەواڵێک ڕایگەیاند سوپای داگیرکەری تورک لە دهۆک خاڵی پشکنینی داناوە. ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە بەپێی هەواڵێکی بەشی کوردی ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا (VOA) ڕاگەیاندراوێکی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە درۆ دەخرێتەوە، کە ڕایگەیاندبوو سوپای عێراق بازگەی داناوە نەک تورکیا.

لە هەواڵێکدا، بەشی کوردی ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە درۆ دەخاتەوە لە بارەی دانانی بازگە و لێپرسینەوە لە هاوڵاتییانی باشووری کوردستان.

دوای ئەوەی کە لە شەوی ٢٢ـی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی بەردەوام نزیکەی هەزار سەربازی سوپای داگیرکەری تورک بە زرێپۆش و چەکی قورسەوە لە سنووری ناوچەی بەرواری باڵا جێگیرکران، ئەو سوپایە لەنێوان گوندەکانی ئەو سنوورەدا بازگەی دانا و لێپرسینەوەی لە دانیشتوانی سنوورەکە دەکرد، هەروەها تا ئێستا ١٠ هاوڵاتیی مەدەنی دەستگیرکردووە.

دواتر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، سوپای عێراق بازگەی داناوە نەک سوپای تورکیا.

هەروەها پەیامنێری ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا لە ناوچەی بەرواری باڵا، لە دیمەنێکدا چەند بازگەیەکی سوپای داگیرکەری تورک تۆمار دەکات و پاشان بڵاوی دەکاتەوە، بەمشێوەیەش تەواوی ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتى تورک جارێکی دیکە بە درۆ خرایەوە.

شایەنی باسە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە لەشکرکێشییەکانی بۆسەر باشووری کوردستان، بە هێنانی سوپایەکی نوێی پڕ چەکەوە ئامانجێتی هێرشێکی داگیرکاریی نوێ بۆ سەر چیای گارە دەستپێبکات و بە تەواوی ناوچەیەکی سەربازیی بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی باشووردا دروستبکات.