بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: پابەندی بڕیارەکانی هەڵبژادنە پەرلەمانیەکەی سوریا نابین

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بارەی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی سوریا رایگەیاند، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان سندوقی دەنگدان دانارێت، چونکە ئەم هەڵبژارتنە هیچ واتایەکی بۆ ئەوان نیە و پابەندی بڕیارەکانی ئەو هەڵبژاردنەش نابن.

لوقمان ئەحمێ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە ناوەندی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە شاری قامشلۆ بەڕێوە چوو، تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سوریا و جەختیشی کردەوە کە ئەوان پابەندی بڕیارەکانی هەڵبژاردن نابن.

ئەحمێ لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاد، گەلی سوریا بۆ ئاڵۆزیەکانی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە بەردەوامە، بە دوای چارەسەریەکی ئاشتیانەدا دەگەڕێت، بەڵام حکومەتی سوریا سوورە لەسەر رێچکەی خۆی، وەکو ئەوە دەجوڵێتەوە کە گوایا لە ٢٠١١وە تا ئێستا هیچ شتێک رووینەدابێت.

ئەحمێ تیشکی خستە سەر ئەوەی سووربوونی حکومەتی سوریا بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردنی پەرلەمان، هیچ کێشەیەکی سوریا چارەسەر ناکات و وتی:"حکومەتی سوریا بۆ چارەسەری کێشەکان دەرفەت نادات بە هیچ لایەنێک کە دیالۆگی لەگەڵدا بکەن."

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سوریا کە بڕیارە ١٩ی تەموز (سبەینێ) بەڕێوە بچێت، بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هیچ واتایەکی نیە و وتیشی:" لە سنووری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هیچ سندوقێکی دەنگدان دانانرێت."

ئەحمێ هەروەها رایگەیاند، ئەوان چاوەرێی ئەوەیان لە حکومەتی سوریا دەکرد کە بانگەوازیەک ئاڕاستەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و لایەنەکانی تری سوریا بکات کە لە سەر یەک مێز کۆببنەوە و بە رێگای دیالۆگ چارەسەریەک بۆ ئاڵۆزیەکان بدۆزرێتەوە و پێوانە دەستوریەکان دیاری بکرێن و دواتر دەست بە هەڵبژاردنێکی سەرتاسەری بکرێت.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە ئەوان بەشداری لە هیچ بڕیارێکی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی ئەو وڵاتە ناکەن.

ز.ش