تەڤ-دەم: هیچ رێگەو چارەسەرییەکمان نییە جگە لە خۆڕاگریی

تەڤگەری جڤاکی دیمۆکراتیک رایگەیاند دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ و قڕکردنی ئەنجامداوە و جەختیشی کردەوە کە جگە لە خۆڕاگریی هیچ چارەیەکی دیکە نییە. هەروەها بانگێکی ئاڕاستەی رای گشتی نیودەوڵەتی و رژێمی سوریاش کرد کە ئەرکە یاساییەکانیان جێبەجێ بکەن.

تەڤگەری جڤاکی دیمۆکراتیک (تەڤ-دەم،TEV-DEM) لەبارەی بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کریارە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیێنراوەکەی تەڤ-دەمدا هاتووە:

"یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە کۆچبەرکردن بە زۆرەملێ، بەو واتایە دێت کە لە دەرەوەی یاساکانەوە دانیشتوانی ناوچەیەک بە زۆر لە خاکەکەیان دەربکرێن کە ئەمەش دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی شەڕ و قڕکردنی بە کۆمەڵ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

مادەی ٤٩ی پەیمانی جنێڤ-ی ساڵی ١٩٤٩، راگواستنی بە زۆرەملێی بە کۆمەڵ یان تاکەکەسی، هەروەها راگواستن لە ناوچەکەیانەوە بۆ خاکێکی دیکە، تاوانەو نایاساییە.
ئەوەی دەوڵەتی تورکی تیرۆرست لە عەفرین و هەرێمەکانی دیکە، ئەنجامی دەدات هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە و هەموو کریارەکانی لە دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندایە، بۆیە پێویستە تاوانباران رادەستی دادگای نیودەوڵەتی بکرێن. گۆڕینی دیمۆگرافی لە عەفرین و ناوچەکانی دیکە، هیچ سنوورێکی بۆ نەماوە و گەیشتووەتە ئاستی پاکتاوی نەژادی. بە گەمارۆدانی هەرێمی شەهبا ئاوارەکانی عەفرین لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین و هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتیش یارمەتییان نادات.  

دەوڵەتی تیرۆرستی تورک بچوکترین یاسای نێودەوڵەتیشی جێبەجێ نەکردووە. بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەموو کریارەکانی دەوڵەتی داگیرکەر کە لە ناوچە دایگرکراوەکان ئەنجامی دەدات لە بەرامبەر کۆلتور و شوێنوار و سروشت و مێژوو زمان، بە تاوان ئەژمار دەکرێن. ئەوەی ئامانجی دەوڵەتی تورک ئاشکرا دەکات، کریارە دیارەکانیەتی. تورکیا هەوڵ دەدات عەفرین لە سوریا جیا بکاتەوە و بخاتە سەر سنووری تورکیاوە. ئەمەش داگیرکردنی دەوڵەتێکە لەسەر سەردەستیی دەوڵەتێکی دیکە. هەروەها لەگەڵ گۆڕینی دیمۆگرافی کە ئەوە تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتییە.

عەفرین خاکی ١٨ میلیۆن داری زەیتوونە کە سیمبۆلی ئەو شارەیە، دارەکانی دەبڕدڕێن و دەسووتێنرێت ئەوەیش بە مەبەستی ئەوەی دانیشتوانەکەی خاکەکەیان چۆڵ بکەن کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی دانیشتوانەکەیەتی. هەروەها هەموو بەرهەم و شوێنوارەکانی دزران و بران بۆ تورکیا و ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆلی هێزە تیرۆرستەکاندایە.

هەروەها دەوڵەتی تیرۆرستی تورک پلانی ئەوەی هەیە کە بە ناوی ئیسلامەوە عەفرین بکات بە دەوڵەتێکی بچووک بۆ تیرۆر و شوێنی پەروەردەکردن و گواستنەوەی تیرۆر بۆ جیهان و مەجبورکردنی ئەورۆپا و هەموو وڵاتە عەرەبییەکان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەمان کاتدا دەیەوێت عەفرین بکات بە کارتێکی فشار بۆ دانوستان لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان، بۆ نمونەش لیبیا.

بێدەنگیی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دەبێتە هاوکار بۆ تاوانی جەنگ. هەروەها ئێمە بەرپرسیارێتی قانوونی و ئەخلاقی دەخەینە ئەستۆی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەڵام ئێمە وەکو تەڤ-دەم بەرپرسیارێتی سەرەکی دەخەینە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و روسیا کە رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بەرامبەر تاوانەکانی عەفرین. بۆیە بانگەوازییەک ئاڕاستەی هەموو جیهان دەکەین کە لە دژی کریارەکانی دەوڵەتی بەخێوکەری تیرۆر بە سەرکێشی ئەردۆغان، کە لە ئێستادا تیرۆر دەنێرێت بۆ لیبیا، بوەستنەوە. هەروەها بانگ لە دەوڵەوتی سوریاش دەکەین کە بە ئەرکی دەستووریی و نشتیمانیی خۆی لە بەرامبەر دەستدرێژی سەر سەروەری خاکی سوریا هەڵسێت و لە دژی تاوانبارانی شەڕ داوایەک لە دادگای نێودەوڵەتی تۆمار بکات.

هەروەها بانگ لە گەلەکەمان دەکەین کە بەردەوامی بدەن بە چالاکیی ئاشتییانە و شەرمەزارکردن، بۆ ئەوەی لە هەموو ئاستێکدا کریاری تیرۆرستان لە دژی گەلەکەمان، رسواو شەرمەزار بکرێت. بۆیەش هیچ رێگایەک جگە لە خۆڕاگریی نییە. هیچ رێگایەکی دیکە نییە، جگە لە خۆڕاگریی لە دژی شەڕی هەبوون و مانەوە لە بەرامبەر فاشیزمی تورک بە سەرکێشی ئەردۆغانی سوڵتانی تیرۆرستان.

ز.ش