دەوڵەتى تورکیا لە گوندێکى ترى عەفرین دەستیکرد بە سوتاندنى دار و باخەکان

سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە گوندی سۆرخانێکێ لە شێراوى عەفرین لە ماوەى مانگێکدا ٤١ دۆنم زەویی و باخ و هەزاران داری سوتاند.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى جگە لە کوشتن، تیرۆر، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژى، دەستبەسەردا گرتن و تاڵانى، سروشتی عەفرینیشى کردوەتە ئامانج و سروشتى عەفرین لەناو دەبات و دەیسوتێنێت.

ئاژانسى هەواڵى هاوار (ANHA) بڵاویکردەوە، سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى گروپى فیرقەى حەمزە و چەتەکانى سەر بە ئەنقەرە، لە گوندی سۆرخانێکێ ٤١ دۆنم زەویى کشتوکاڵی و ٤ هەزار و ٩٧٠ داری زەیتونی سوتاندووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە سوتاندنى باخ و دارەکانى ئەو گوندە.

هاوکات هاووڵاتییان رایانگەیاند، داگیرکەران لە گوندی کیمارێ دەیانکەنە ئامانج و بەهۆى گوشارەکانەوە ماوەى ٢٠ رۆژە زیانێکى زۆر بە بەشێکى زۆرى هاووڵاتییانى ئە گوندە گەیشتووە.

هاووڵاتییەک بەناوی زەکریان مەجید محەمەد وتى "چەتەکان ئاگر لە زەوییەکەم بەردا و رایانکرد. لەبەر ئەوەى چەتەکان هێرشیان کردە سەرم ئیتر نەمتوانى ئاگرەکە بکوژێنمەوە".

یەکێکى تر لە هاووڵاتییە زیان بەرکەوتووەکان عایشە مەلە رایگەیاند "بژێویى ژیانمان بە چى دابین بکەین؟ ئێمە رزق و رۆزیمان لە زەوییەکانمانەوە بە دەست دەهێنا، بەڵام دواى ئەوەى چەتەکان زەوییەکانیان سوتاندین، ئیتر ئێستا نازانین بژێویى خۆمان چۆن و بە چى دابین بکەین".

هاووڵاتییەکى گەنج بە ناوى عەبدو بەرەکات لەبارەی بێدەنگى بەرامبەر بە داگیرکەریى تورکیا و چەتەکان وتی "چەتەکان زەوییەکانمان دەستوتێنن. لە دژى عەفرین کارى بەدەر لە هەموو پێوەرە مرۆڤایەتییەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام هەموو جیهان بەرامبەر ئەو تاوانانە بێدەنگە".

رەمزی محەمەد هاوسەرۆکى کۆمۆنی گوندى سۆرخانێکێ رایگەیاند "هیچیان لە دەست نایەت بۆ هاوکاریکردنى گوندییەکان، چونکە تواناییەکان و ئیمکانیەتمان کەمە. بەداخەوە هاووڵاتییان ناتوانن بژێویى ژیانى خۆیان دابین بکەن".

ر.م