دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێز لە جەرابلوس کۆدەکاتەوە

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى لە هەرێمی شەهبای داگیرکراودا باری نائاساییان راگەیاند و دەستیان بە کۆکردنەوەى هێز کرد. شەوی رابردووش منبج-یان تۆپبارانکرد. کاروانێکى سەربازیش لە کیلیسەوە چووە جەرابلوس. لە ٦ ناوچەش باری نائاسایى راگەیاندووە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى لە جەرابلوسەوە بە چەکی جۆری بی کەی سی، ئێم جی ٣ و هاوەن هێرشیان کردە سەر گوندەکانی عەرەب حەسەن و تۆلهار لە باکووری منبج، بەڵام نەیانتوانى لەو هێرشەدا زیان بە هاووڵاتییان و شەڕڤانان بگەیەنن.

دواى ئەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دوێنێ وتی "لە چەند رۆژی تردا دەست بە ئۆپەراسیۆنى رۆژهەڵاتی فورات دەکەین" کاروانێکى سەربازی کە لە ٢٠٠ ئۆتۆمبێل پێکهاتبوون لە شاری کیلیسەوە لە باکووری کوردستان چوونە جەرابلوس لە هەرێمى شەهبای داگیرکراو لە باکووری سوریا.

سەرچاوە هەرێمییەکان رایانگەیاند، ئەو کاروانە سەربازییە چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لە خۆ گرتبووە.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر کە دەستى بە جموجوڵی سەربازی لە سنووری باکووری سوریادا کردووە، لە هەرێمە داگیرکراوەکانى عەفرین، مارع، باب، جەرابلوس، ئەختەرین، عەزاز و راعی بۆ ماوەی ٢ رۆژ باری نائاسایى راگەیاندووە.

ئەو سەرچاوانە راشیانگەیاند، دواى تەقینەوەکانى دوێنێ لە عەزاز، راعی و باب هەموو چەتەکان کەوتوونەتە جموجوڵەوە. پاسەوانی و گەشتیان لە ناو شارەکاندا زیاتر کردووە.

هاوکات چەتەکان بە هاووڵاتییان راگەیاندووە، نابێت ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە و رێگای هاتووچۆی نێوان ئەو شارانەشیان قەدەغە کردووە و بەو شێوەیە هەوڵ دەدەن هاووڵاتییان و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.

ر.م