رێکخستنی مافی مرۆڤ: تورکیا لە سەر سنوور ٤٤٧ کەسی کوشتووە

رێکخستنی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، لە سەر سنووری سوریا-تورکیا ٤٤٧ کۆچبەر لە لایەن سوپای تورکەوە کوژراون.

بە پێی راگەیێندراوێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، لە نێوان سنووری سوریا-تورکیا لە ماوەی دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریاوە تا ئێستا ٤٤٧ کۆچبەر لە لایەن هێزە سەربازییەکانی سوپای دەوڵەتی تورکەوە کوژراون.

لە راگەێندراوەکەی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفریندا هاتووە:

"بە پێی سەرچاوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ناوەندی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا و ناوەندی چاودێری پێشێلکاری لە باکوری سوریا، کاتێک هاوڵاتیانی سوریا بە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانیەوە کۆچبەر دەبن، هەوڵ دەدەن دەربازی خاکی تورکیا ببن کە بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە سوریا کە ماوەی ٩ ساڵە بەردەوامە، رادەکەن.

هاوکات دانیشتوانی گوند و شارۆچکە سنوورییەکانی سوریا و جووتیار و خاوەن موڵکەکانی سەر سنوور لە لایەن جەندرمەکانەوە دەستڕێژی گوللەیان دەکرێتە سەر.

ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سەر سنووری تورکیا لە لایەن جەندرمەی تورکەوە کوژراون، ٤٤٧ کەسە کە ٨٣ یان منداڵ و ٥٦ یان ژنن. هاوکات ٤٢٠ کەسیش بریندار بوون.

دەوڵەتی تورک لەسەر سنوور بە درێژایی ٩١١ کیلۆ مەتر دیواری شەرمی دروست کردووە بۆ ئەوەی کۆچبەران نەتوانن دەرباز ببن کە لە ئەنجامدا خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن و بریندار دەبن.

ئێمە وەکو رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە سوریا بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو مافناس و کەسایەتییە مەدەنییە نێودەوڵەتی و بە تایبەتیش رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن کە فشار لەسەر حکومەتی تورکیا دروست بکەن بۆ ئەوەی نەهێلن لە دژی کۆچبەر و پەنابەرانی سوریا پێشێلکاری ئەنجامبدات. چونکە تورکیا یەکێکە لە دەوڵەتانی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و دەبێت هەموو ئەو یاسا و رێکەوتنە نێودەوڵەتیانە جێبەجێ بکات کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی رێزگرتن لە پێوانەکانی مافی مرۆڤ، بانگەوازی بۆ دەکەن."

ز.ش