پیتەر ئۆت دەرهێنەرى ئەڵمانی: مۆدێلی رۆژئاوا جوان و کاریگەرە

پیتەر ئۆت دەرهێنەر و  ئامادەکاری فیلم لە ناو شاندێکى ١١ کەسیدایە، کە لە ئەڵمانیاوە چوون بۆ رۆژئاوا. ئۆت رایگەیاند "بەپێچەوانەى هەموو وڵاتانى تری رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە ڕۆژئاوا بەرتیل نییە. مۆدێلی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى رۆژئاوا جوانە".

شاندێکى ئەڵمانیى پێکهاتووە لە پەرلەمانتاران، ئەکادیمییەکان و رۆژنامەنووسان لە رۆژی دووشەممەوە لە رۆژئاواى کوردستانن و سەردان و دیدار ئەنجام دەدەن. شاندەکە دانیشتنی زۆریان لەگەڵ بەرپرسانى کانتۆنى جزیر لە قامیشلۆ هەبووە. دواتر سەردانى کۆبانێ، عامودێ و منبجیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو کانتۆن و ناوچانەش کۆبوونەوە.

شاند ئەڵمانییەکە ماوەى هەفتەیەک لە رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا دەمێننەوە. شاندەکە دەیەوێت سەردانى عەفرین بکات، بەڵام لەبەر داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیا دەچنە کەمپی پەنابەران لە شەهبا. ئەندامێکى شاندەکە پیتەر ئۆت دەرهێنەر و ئامادەکاری فیلمە و وتى، چاوەڕێى ئەوەن مۆڵەتیان پێ بدرێت سەردانى شەهبا و کەمپى پەنابەران بکەن.

ئۆت لەبارەى سەردانی شاندەکە و ئەوەى لە رۆژئاوا بینیویانە بۆ بەشى ئەڵمانیى ئاژانسى هەواڵی فوارت (ANF) قسەى کرد و وتی "هیوادارم رژێمى ئەسەد رێگا بدات سەردانى هەرێمى شەهبا بکەین".

ئۆت دەرهێنەر و سیناریستى فیلمی (Das Milan-Protokol)ە، کە لەبارەى تێکۆشانى یەپەگە / یەپەژەیە لە دژى داعش. فیلمەکە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە لە ئەڵمانیا پەخشکراوە و تا ئێستا پەخشى بەردەوامە.

پیتەر ئۆت وتیشی "بێگومان بۆ گەڕان و گوێگرتن لە ئەزموونى ئێرە، هەفتەیەک زۆر کەمە. لەم ماوەیەدا ئێمە تەنها هەندێک ئەزموونى گشتیمان بینی، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم، خۆبەڕێوەبەرى لەسەر بنەماى بەها دیموکراتیکەکان و یەکسانیى نێوان ژن – پیاو، زۆر جوان و کاریگەرە. ئەوەش لەبەر دوو هۆکار دەڵێم، یەکەم: ئەم مۆدێلە لە ناوچەیەک دامەزراوە، کە شەڕی تیایدایە. دووەم: بە بەردەوامى کێشەکان چارەسەر دەکرێن، یانى مۆدێلەکە بە بەردەوامی خۆى نوێ دەکاتەوە. خاڵێکى تریش ئەوەیە، کە بەپێچەوانەى هەموو وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لێرە بەرتیل نییە. من زۆر بەوە سەرسام بووم".

دەرهێنەر ئۆت رایگەیاند، خواستویەتى بە چاوی خۆی مۆدێلی ژیان و بەڕێوەبەریى ئەڵتەرناتیڤى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ببینێت، چونکە ئەمە لە کاتێکدایە، کە سیستمى کاپیتالیست لە جیهان و ناوچەکە باڵادەستە. لەو بارەیەوە وتی "ئەم پرۆژە مێژووییە سەرنجی منی بۆ لاى خۆى راکێشا. زۆریش دڵخۆشم کە ئێستا ئەو درەفەتەم بۆ ڕەخساوە و لێرە بە چاوی خۆم ئەم ئەزموونە دەبینم".

دەرهێنەر و ئامادەکاری فیلم ئۆت باسى ئەوەشیکرد، لە دواى گەڕانەوەى بۆ ئەڵمانیا ئەم ئەزموونەى رۆژئاوا لە رێگەى چالاکی و رێگا جۆراجۆرەکانى ترەوە بۆ خەڵک و چالاکوانان و ناوەندە هونەری و مەدەنییەکان دەخاتەڕوو. ئەوەشی وت "من ئەم گەشتە وەک لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دواى پرۆژەیەکى نوێدا دەبینم. زۆر شت هەیە کە نوخبە و دەستەبژێرى ئەڵمانیا دەتوانن لە ڕۆژئاواوە فێر ببن".

ئەندامێکى تری شاندەکە، جان ڤان ئاکن بەڕێوەبەری پارتى چەپی ئەڵمانیایە و رایگەیاند، ساڵی ٢٠١٤ سەردانى رۆژئاواى کوردستانی کوردستانى کردووە. بارودۆخى ئێستا لەگەڵ ئەو کاتە زۆر گۆڕانکاریى گەورەى باشی بەسەردا هاتووە. ئاکن راشیگەیاند، بیرەنەوتەکان خراونەتە کار و پێشکەوتن لە بوارى کشتوکاڵدا روویداوە، بۆیە پێویستە رۆژئاوا زیاتر لە ئەڵمانیا بناسرێت و زیاتر ببیتە بابەتى گفتوگۆ و قسەى ناوەندە جۆراجۆرەکانى ئەڵمانیا.

ر.م