"٢٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان پیرۆز بێت"

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ٢٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەنەکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتوە، " کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وەک کەناڵێکی گرنگی تێکۆشان لە خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کوردستاندا، بەردەوام پشتگیری خەباتی کوردستانیان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بووە. لە دژی هێرش و داگیرکاریی داگیرکارانیش هەمیشە لەسەر خەت بووە و رۆڵی پێشەنگانەی خۆی بینیوە و ئەیبینێت".

دەقی ڕاگەیاندراوەکەى کەنەکە

"٢٣مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پیرۆزبێت

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هیممەت و تێکۆشانی ئەندام و دۆست و هاوکارانی، پێی ناوەتە بیست و سێهەمین ساڵی دامەزراندنیەوە. ٢٢ ساڵ خەباتی بێوچان لە پێناو دۆزی رەوای گەلەکەماندا، ٢٢ ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام لە پێناو یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی. لە پێناو دیپلۆماسیەتێکی نەتەوەیی و پەیداکردن و فراوانکردنی دۆستایەتی لەگەڵ دۆزی رەوای کوردستانیان، تێپەڕاندووە. لەو ماوەیەشدا بەبێ دواکەوتن هەموو جڤین و جڤاتە گشتییەکانی خۆی بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێکهێناوە. سەدان کۆنفرانسی لە ناو دەزگا نێونەتەوەییەکان و پەرلەمانی ولاتان لەسەر پرسی کوردستان رێکخستووە. هەزاران چاوپێکەوتنی دیپلۆماسی بە مەبەستی درووستکردنی لۆببی و ناساندنی دۆزی کوردسان و پشتیوانیکردنی بەڕێوەبردووە. لەسەر ئاستی نەتەوەییش دەیان کۆنفرانس و کۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی و دیالۆگی ناوخۆیی رێکخستووەو، بووە بە پردێك لە نێوان پارت و رێکخراوو کەسایەتیی کوردستانیی و پێکهاتە باوەڕی و ئیتنییەکانی کوردستاندا. بێگومان ئەم کارانە هەمووی بە رەنج و تێکۆشانێکی بەردەوامی هەموو ئەندام و دۆستانی ك ن ك بەڕێوەچووە.

لە مێژووی کوردستاندا تا ئێستا دەزگایەکی نەتەوەیی وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانمان نەبووە. کە ٢٢ ساڵ بەردەوام بێ پسانەوە لە خەباتی نەتەوەییدا لە کاردا بێت. بەڵام بێگومان بێ کەموکوڕیش نییە. نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە دڵی هەموومان ئەخوازێت. بۆئەوەی ك ن ك بەهێزتربێت و بتوانی زیاتر رۆڵی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی بگێڕێت، پێویست بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام و جدییە. پێوست بە دووربینی و روانینی ستراتیژییە، پێویست بە زیاتر لێکتێگەیشتنی سەرجەم کوردستانیانە بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وەک کەناڵێکی گرنگی تێکۆشان لە خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کوردستاندا، بەردەوام پشتگیری خەباتی کوردستانیان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بووە. لە دژی هێرش و داگیرکاریی داگیرکارانیش هەمیشە لەسەر خەت بووە و رۆڵی پێشەنگانەی خۆی بینیوە و ئەیبینێت.

ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەموو گەلی کوردستان پیرۆزبێت. لە گیانی هەموو شەهیدانی کوردستان و سەرجەم خانەوادەی شەهیدان پیرۆزبێت. لە هەموو ئەندامانی پێشووتر و نوێ، لە هەموو زیندانیان و بە تایبەتیش لە بەڕیز عەبدولا ئۆجالان کە پێشنیازی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانی کرد و  بەردەوام و بە لێبڕاوی ئەو پرسەی ئەهێنایەوە بەر باس، تەنانەت لە زیندنیشدا کە چاوی بە پارێزەرەکانی کەوت، یەکەم داوای ئەوەبوو کە بۆ دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەست و برد بکەن. هەروەها لە هەموو شەروانانی ئازادیی، لە گەریلا و پێشمەرگەو هێزەکانی پاراستنی گەل پیرۆزبێت. لە رۆحی ئەو ئەندامانەی کە کۆچی دواییان کرد و بەجێهێیان هێشتین".

ژ.ت