بە جۆش و خرۆشەوە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لە لەندەن پیرۆز کرا

سەدان کەس لە لەندەن بە تامەزرۆیی و پەرۆشییەوە یادی دامەزراندنی پەکەکەیان پیرۆز کرد و رایانگەیاند: "پەکەکە ڕۆحی ئازادیی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".

سەدان کەس لەسەر بانگهێشتی ئەنجوومەنی گەلی کورد لە لەندەن لە بینای ناوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد کۆبوونەوە و ٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەیان پیرۆزکرد.

هۆڵی ئاهەنگی پیرۆزباییەکە بە ئاڵاکانی پەکەکە و وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕازێندرابوویەوە و ژنان بە جلوبەرگی خۆجیی ناوچەکانی خۆیانەوە بەشداری ئاهەنگەکە بوون.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، کۆڕی منداڵانی فیراز داغ چوونە سەر تەختە و  گۆرانیی "سەرهەڵدان"یان وت.

لە ئاهەنگەکەدا سینەفیزیۆنێک لەسەر٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە نمایشکرا و گۆرانیی "ئێمە پەکەکەین" پێکەوە لەلایەن ئامادە بوانەوە وترایەوە.

بەسیمە ژیان بەناوی دەستپێشخەریی ژنانی کورد لە ئاهەنگەکەدا وتی، پەکەکە ئاوێنەى تێکۆشانی ناسنامەى ئازاد، رەوا و نەتەوەی دیموکراتیکی گەلی کوردە.

بەسیمە وتیشی، "پەکەکە ڕۆحی ئازادیی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئێمە داوا لە ژنانی کوردستان و جیهان دەکەین، کە بە هەموو توانا و هێزی خۆیانەوە بەشداری لە هەڵمەتی رووخاندن و هەڵوەشاندنەوەى سیستمە باڵادەستە فاشیستەکان دا بکەن".

عەلی بۆیراز نوێنەری ئەنجوومەنی گەلی کورد رایگەیاند، پەکەکە لە دژی فاشیزمی تورک تێکۆشانێکی بێوێنە دەکات.

بەشداربوانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و نوێنەرانی مەلەکەپە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەیامیان خوێندەوە.

دوای پەیامەکان، بەشداربووانی ئاهەنگەکە بە دەم گۆرانییەکانی هونەرمەند سەرحەد و تیپی مۆسیقا و هونەریی چارنەوا شای و گۆڤەندیان گێڕا.

هونەرمەند مەم شەڤدەر و هونەرمەندانی ناوچە جیاجیاکان چوونە سەر تەختە و هونەرەکەیان پێشکەش کرد.

ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ و گۆڤەند و شایی بە دەم لێدانی تەپڵ و ژەندنی زوڕناوە کۆتایی پێهات.

ژ.ت