کۆمیتەى دۆخی خێرا بۆ رۆژئاوا نامەیەکی بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نارد و داوای لێکرد، ئەو خەڵاتەى بۆ دەستگیرکردنی پێشەنگانی پەکەکە جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موراد قەرەیلان دانراوە، هەڵبوەشێنرێتەوە.
نامەکەى بە ئیمزای سەرۆکی کۆمیتەى دۆخی خێرا بۆ رۆژئاوا خاتوو مێردێت تاکس (Meredith Tax)، سکرتێر گشتیی ئەو رێکخراوە خاتوو دیبی بوکچن (Debbie Bookchin) و بەڕێوەبەری ئیداریی ئەو رێکخراوە خاتوو ئۆزلەم گۆندەر بۆ ئەنتۆنی بلینکن نێردراوە.
لە نامەکەدا داوا لە بەڕێوەبەریی بایدن کراوە، کە دەستبەرداری سیاسەتی دووڕوانەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە دژی کوردان بێت.
لە نامەکەدا ئاماژە بە وتەکانی جۆ بادین سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی رۆژی ٤ی شوبات دا کراوە، کە بایدن لەو کاتەدا وتبووی، دەبێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ بچەسپێنرێت، بۆیە لە نامەکەدا راگەیاندراوە، نوێکردنەوەى بڕیاری دژ بە پێشەنگەکانی پەکەکە جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موراد قەرەیلان رێگا بۆ تیرۆرکردنیان لەلایەن تورکیاوە خۆش دەکات.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ستراتیژیای ئاکەپە لە دژی بەرژەوەندیی ئەمریکایە، بۆیە دەبێت وازی لێ بهێنرێت.
لە نامەکەدا باسی ئەوەشکراوە، سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پشتیوانیکردنە لە داعش و هاوکاریی گروپە چەتەکانی جەیشی ئیسلام، لیوای سوڵتان موراد دەکات و ئەوانەش بە بەڵگە سەلمێنراون.
لە نامەکەدا وتەکانی برێت مەکگۆرک بە بیرهێنراونەتەوە کە وتبووی "زۆرێک لەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەى سوریا، کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات، لە بریی ئەوەى شەڕ لە دژی داعش بکەن، بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا رایانگەیاند، کە دەیانەوێت لە دژی کوردان شەڕ بکەن، چونکە ئەوانە گروپی توندڕەون".
لە نامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، پەکەکە رێکخستنێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو رێکخستنێکی رزگاریی نەتەوەییە و لە ساڵی ١٩٩٥ەوە رێککەتننامە و کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤی ئیمزا کردووە، بۆیە داوا دەکەین، ئەو خەڵاتەى بۆ دەستگیرکردنی پێشەنگەکانی پەکەکە دانراوە هەڵبوەشێنرێتەوە".
ژ.ت