کۆمسیۆنی زیندانیانی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئیزمیر لە چالاکیی "ئازادی بۆ زیندانییە نەخۆشەکان"، کە دوو هەفتە جارێک ئەنجامی دەدات تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسەتمەداری کورد ئایسەل توغلوک. چالاکییەکە لەبەردەم کۆمەڵەی پارێزەرانی ئیزمیر بەڕێوەچوو و لافیتەکانی "زیندانییە نەخۆشەکان گیان لە دەست دەدەن، بێدەنگ مەبن"، "بێدەنگ مەبن و نەبنە هاوکار، ئەوان گیان لە دەست دەدەن" بەرزکرابوونەوە.
هەروەها پۆستەری "گۆشەگیری تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی" و "ئازادی بۆ زیندانییە نەخۆشەکان" بەرزکرابوویەوە. جێگری هاوسەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە کۆمسیۆنی مافەکان و مافی مرۆڤ ئومێد دەدە، پەرلەمانتار موراد چەپنی، ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی و چەندین کەسی دیکە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد. بەیاننامەی چالاکییەکە لەلایەن عایشە نور کیزارئۆغڵو ئەندامی کۆمسیۆنی ژنان لە ئیهەدە خوێندرایەوە.
'توغلوک ناتوانێت لە زیندان دا بمێنێتەوە'
عایشە نور کیزارئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، دەزگای پزیشکیی داد بۆ ماوەیەکی زۆرە پابەندی ستانداردی پزیشکی جیهانی نییە و لە بەردەوامیشیدا وتی: "گوێ لە ڕاپۆرتەکانی نەخۆشخانەکانی سەر بەوەزارەتی تەندروستی ناگرێت. بڕیار دەدات، کە زیندانییە نەخۆشەکان لە زیندانەکاندا چارەسەر بکرێن. بەهۆی ئەو بڕیارانەوە مافی تەندروستی و ژیانیی زیندانیان پێشێل دەکرێت".
عایشە نور کیزارئۆغڵو وتیشی، "ئایسەل توغلۆک لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا لە زیندانی جۆری ئێف لە کاندرا ڕاگیراوە. مافی تەندروستیی پێشێل دەکرێت و سەرەڕای راپۆرتە بەرفراوانەکەی لیژنەکەش، کە توغلۆک ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هەڵسوکەوت ناکەن. ئەوەی بەرامبەر توغلۆک ئەنجام دراوە و تیایدا ژیاوە برینەکانی غەدر و زوڵم لە یادەوەریدا بە بەردەوامی زیندوو دەکاتەوە. هەرچەندە بۆردی پزیشکی داد لە کۆلێژیی پزیشکی کۆجالی ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە و دەڵێت، تەغڵوک ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام دەزگای پزیشکیی داد ڕاپۆرتێکی دژ بەم بابەتە ئامادەکردووە. ئەو دەزگایە بە کردەوە بێ ویژدانانەکانی و نا زانستییەکانی بە ئەنجامدانی کاری نایاسایی و پێشێلکاری بووەتە ڕۆژەڤ، بەڵام پێویستە توغڵوک بە زووترین کات لە زیندان ئازاد بکرێت".
ژ.ت