بەرپرسێکی ئاکەپە لەکاتی تلیاک فرۆشتن دا دەستگیرکرا

جێگری سەرۆکی ئاکەپە لە ناوچەى پایزئاوای وان لەکاتی فرۆشتنی تلیاک دا دەستگیرکرا.

لە ئۆپراسیۆنی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئەدەنە سەرۆکی پێشووی ئاکەپە لە ناوچەى پایزئاوای وان و جێگری سەرۆکی ئێستای ئاکەپە لەو ناوچەیە، کە کەسێکە بە ناوی ئەحمەد کولاز دەستگیرکران.

ئۆپراسیۆنەکە هەفتەی ڕابردوو ئەنجامدراوە و بڕ و ڕێژەى تلیاکی ئاکەپەییەکان تاوەکو ئێستا بڵاونەکراوەتەوە و هەوڵی شاردنەوەى دەدەن.

بەپێی زانیارییانەکان، ئەو ئۆتۆمبێلەی تلیاکەکەى تیادا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە ئۆتۆمبێلی فەرمانگەى رێگاوبانی وان بووە. ئەحمەد کولاز جێگری سەرۆکی ئاکەپە لە ناوچەى پایزئاوای وان کاتێک بە ئۆتۆمبێلی فەرمی تلیاکی دەفرۆشت دەستگیرکرا.

ئاماژە بەوەش دەکرێت، کولاز پێشتر بەهۆی تلیاک فرۆشتنەوە سزا دراوە و پێشینەى تلیاک فرۆشیی هەیە.

وێنەکانی کولاز لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکەپە بووەتە جێگای سەرنجێکی زۆری هاووڵاتییان و لایەنە جۆراوجۆرەکان.

ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ وان لەگەڵ کولاز کۆبووەوە. کولاز چەندین جار وێنەکانی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان لە ئەکاونتی میدیای دیجیتاڵییەکانی خۆیدا بڵاوکردووەتەوە.

کولاز کەسێکی چالاکی ئاکەپەیی بوو و بە پشتبەستن بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومی و حزبی و ئەمنی و پەیوەندیی لەگەڵ ئەردۆغان دا کاری تلیاک فرۆشی ئەنجامداوە و تاوەکو لە وان و پایزئاوا بووە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر نەدەکرا.

بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان لە کاتی سەردانیاندا بۆ شارەکانی باکووری کوردستان بەهۆی بایکۆتی گەلەوە لەگەڵ کەسانی پێشینە خراپ و بێزراودا کۆدەبنەوە و بە پاس خەڵکی خۆیان لە شوێنە جۆراجۆرەکانەوە دەگوێزنەوە بۆ پێشوازیکردن لە بەرپرسانی ئاکەپە و دەوڵەت، لەبەر ئەوەش ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ وان لەگەڵ ئەحمەد کولازی تلیاک فرۆش دا کۆببووە.

ژ.ت