دادگای باڵای تورک بڕیاری بێتاوانیی ئەو سەربازانەی دا کە هێرشیان کردبووە سەر کتێبخانەی ئومێد

دادگای باڵای دەوڵەتی تورک بڕیاری بێتاوانیی بۆ هەر یەک لە سەربازان عەلی کایا، ئۆزجان ئیل دەنیز و دانپیادانەر وەیسەڵ ئاتەش دەرکرد، کە لە شەمزینان هێرشیان کردبووە سەر کتێبخانەی ئومێد.

سەربازان عەلی کایا، ئۆزجان ئیل دەنیز و دانپیادانەر وەیسەڵ ئاتەش بە بۆمب هێرشیان کردبووە سەر کتێبخانەی ئومێد لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگ و لە دوای هەڵهاتنیان لەلایەن گەلەوە دەستگیرکران، بەڵام دەوڵەتی تورک داوای ماوەیەک لە زیندان دەریکردن و تەنها دۆسیەکەیان لە دادگا مایەوە. ئێستاش دادگای باڵای دەوڵەتی تورک بڕیاری بێتاوانیی هەرسێکیانی پەسەند کرد. ئەو سێ سەربازە تۆمەتباربوون بە "کوشتنی خەڵک"، "دروستکردنی ڕێکخستن" و "هەوڵ بۆ کوشتنی خەڵک".

پێشتر لقی ١ی دادگای سزا قورسەکانی وان بڕیاری بێتاوانیی بۆ ئەو سێ سەربازە دەرکردبوو و ئەو بڕیارەش لە فەرمانگەی ٣هەمینی دادگای باڵای تاوانەکانی دەوڵەتی تورکدا پەسەند کرایەوە و دادگای باڵا ڕایگەیاندبوو، هیچ بەڵگەیەکی ڕوون و کۆنکرێتی نییە تاوەکو مرۆڤ بڵێت، ئەو تاوانە ئەنجامدراوە.

یاشار بویوک ئانێت فەرماندەی ئەوکاتی هێزە وشکانییەکانی سوپای تورک بۆ سەربازان عەلی کایا و ئۆزجان ئیل دەنیز، کە بۆمبەکەیان هەڵدابوویە کتێبخانەکەوە، وتبووی: "من دەیانناسم، ئەانە کەسی باشن".

ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٥ بە بۆمب هێرشکرایە سەر کتێبخانەی ئومێد لە  لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگ و هەر سێ هێرشکارەکە لەلایەن گەلەوە دەستگیرکران و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا گیرا. لە ئۆتۆمبێلەکەیاندا چەندین بەڵگەی تاوانکاری هەبوو و دەیسەلامەند سەر گروپە تاوانکارەکانی دەوڵەتی تورکن و لەو کاتەدا ئەو هێرشە و ئەو گروپە تاوانکارە ببوونە گەورەترین ڕۆژەڤی تورکیا و میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە.

 سەفەری یڵماز خاوەنی کتێبخانەی ئومێد بەهۆی تێکۆشانی بۆ ئازادیی گەلی کورد چەندین ساڵ لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا بوو و لە دوای ئازادبوونی کتێخانەی ئومێدی دانابوو، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەو کتێبخانەیە پێ قبوڵ نەکرا و هێرشی کردە سەری.

ژ.ت