دادگای ئەڵمانیا: ئاڵاکانی یەبەشە و یەپەگە قەدەغە نین

لە شاری کاسیڵی ئەڵمانیا، دادگای ئیداری رایگەیاند، ئاڵاکانی یەبەشە و یەپەگە قەدەغە نین کە پۆلیس رێگەی نەدابوو لە خۆپیشاندانێکدا بەرزبکرێتەوە.

لەدژی سیاسەتی کریمینالیزاسیۆنی دەوڵەتی ئەڵمان، کورد لە تێکۆشانێکی دیکەی یاساییدا سەرکەوتن. لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا لە شاری کاسیڵی ئەڵمانیا، بە ناوی 'ئاشتی بۆ کوردستان، ئازادی بۆ عەبدوڵلا ئۆجالان' رێپێوانێک ئەنجامدرابوو. کوردستانیان لەو رێپیوانەدا ویستیان ئاڵای یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) بەرزبکەنەوە، بەڵام پۆلیس دەستوەردانی کردبوو.

لەگەڵ ئەوەی ئاڵای یەبەشە لەناو لیستی 'ئاڵا قەدەغەکراوەکان"ی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا نییە' بەڵام پۆلیس بە شێوەیەکی ئەنقەست رێگەی بە بەرزکردنەوەی ئاڵاکە نەدابوو. ئەو کێشەیەش لە دادگا یەکلاییکرایەوە.

دادگا بریاریدا کە پۆلیس ناحەقی کردووە

کوردستانیەک کە هەوڵیدا ئاڵای یەبەشە بەرزبکاتەوە، لە دادگای ئیداری کاسیل لەدژی پۆلیسی ویلایەتی هیسین سکاڵای تۆمار کرد. دادگاکە بە پێویستی نەزانی لەبارەی سکاڵاکە دانیشتنێک رێکبخات. بەڵام دادگا لە ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا رایگەیاند، هەڵویستی پۆلیسی ویلایەتی هیسین لە رێپێوانەکەدا ناحەقی بوو و وتی، نەک ئاڵای یەبەشە، بەڵکو ئاڵای یەپەگەش قەدەغە نییە.

سڤین ئادام پارێزەری کوردستانیان لەبارەی بڕیاری دادگا قسەی کرد و رایگەیاند، هێزەکانی یەپەگە و یەبەشە لەساڵی ٢٠١٤دا ئێزدیانیان لە چنگی داعش رزگار کرد و وتی، "هەموو کەسێک ئەم راستیە دەزانێت، بۆیەش قەدەغەی هێزەکانی ئەمنی ئەڵمانیا لە سەرەتاوە بێواتە بوو. پێویستی بە دادگاش نییە."

ف.ق