دەربارەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، پرسیاری ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی سوید کرا

لە سوید پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات قادر کاسیرگا دەربارەی هەڕەشەکانی قڕکردن لە حەلەب و شەهبا لەسەر کورد و کریستیانەکان، پرسیاری ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی سوید کرد.

هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و سوریا لە ڕۆژەڤی جیهاندایە.

پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات قادر کاسیرگا هێرش و قڕکرنی سەر کوردان و گەلانی دیکەی لە حەلەب و شەهبا کردە ڕۆژەڤی پەرلەمان.

پەرلەمانتارەکە پرسیاری ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی سوید، ماریا مالمێر ستینەرگارد کرد، ڕایگەیاند هەیئەی تەحریر ئەل شام (هەتەشە) کە چەندین چەتەی داعش لەخۆدەگرێت و ئەو هێزە قڕکەرانەی جینۆسایدی شەنگالیان ئەنجامدا، دیسان بە ناوێکی ترەوە خۆیان دەرخستووە.

قادر کاسیرگا ڕایگەیاند هێرشی هەتەشە دژی کورد و کریستیانەکان و گرووپە نامسوڵمانەکانی حەلەب مایەی نیگەرانیە، گوتی: " بە لەبەرچاوگرتنی بەشداری سوید لە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی تیرۆر و پابەندبوونی بەهێز بە مافەکانی مرۆڤ، لە وەزیری دەرەوەی سوید، ماریا مالمێر ستینەرگارد دەپرسم؛ لە ئاستی دوو قۆڵی بێت یان ئاستی نێونەتەوەیی، پلان و هەوڵەکانتان چی دەبێت؟".