دەستەى گشتیی کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەوروپا جەژنی قوربانی پیرۆزکرد

دەستەی گشتیی کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەوروپا بە بڵاوکردنەوەى پەیامێک جەژنی قوربانی لە کۆمەڵگای ئێزدی، گەلی کورد و کوردستان و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆزکرد.

دەستەى گشتیی کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەوروپا، کە لە چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانى ئێزدی (سەمەژێ - SMJÊ) ، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان (پادێ / PADÊ)، ناوەندی یەکێتی کۆمەڵەکانی ئێزدی  (NAV-YEK)، ئەنجومەنی شەنگال لە دەرەوەی وڵات (مەشەدە / MŞD)، هاوپەیمانیی ئێزدیانی سوریا (هێس / HÊS)، یەکگرتنى گەنجانى ئێزدی (هەجەئێ - HCÊ) و ناوەندی رۆشنبیریى ئێزیدخان (نەچەئێ - NÇÊ) پێکهاتووە، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک جەژنی قوربانی پیرۆز کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە:

"ئێمە وەک دەستەى گشتیی کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەوروپا و هەموو پیکهاتەکانمان، جەژنی ئیبراهیم خەلیل، جەژنی قوربان، لە کۆمەڵگەی ئێزدیمان، لە هەموو کورد و کوردستان و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەین.

جەژنی قوربان بە مانای ئەوەیە، کە بڕوا بە خودای گەورە هەیە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایەش یەکگرتن و برایەتی دروست دەبێت.  هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە ئامرازێکی ئاشتی و سەقامگیری بۆ کۆمەڵگای ئێمە و بۆ تەواوی وڵاتەکەمان کوردستان.

هەرچەندە ئێمەی کورد بە ئیرادەی ئازادەوە، وەک لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە ڕۆژئاوا و لە شەنگال لە ژێر هێرشێکی گەورەداین، بەڵام ئێمە ملمان بۆ دوژمنان دانەنەواندووە. ئێمە بە کاتێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕین، لەم کاتەدا دەبێت زیاتر بەرخودان و پاراستنی کوردستان بێتە پێشەوە.

 دوژمنانی ئێمە خۆیان چەند بە دینداریش بزانن، بەڵام بەداخەوە هەمیشە ویستویانە بە ناوی دین و ئایینەوە لەناومان ببەن، دەستبەسەر وڵات و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دا بگرن تاوەکو لە پێش هەموو شتێکەوە بەشێوەیەکی سەرەکی سروشت و دەوڵەمەندیی وڵاتەکەمان تاڵان بکەن.

لەم ڕۆژانەدا بە چەکی کیمیایی هێرش دەکەنە سەر چیاکان، ئاو و کانیاوەکانمان لە ناو دەبەن، ئامانجی سەرەکییان تێکشکاندنی شەڕڤانان و تێکۆشەرانی ئازادییە، لە ڕۆژانی جەژنی پیرۆزیشدا ڕێزیان نییە، گوایە خۆیشیان بە باوەڕمەند و دیندار دەزانن.

تێکشکاندنی دوژمنان بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلەکەمان بەدیدێت، دەبێت هەموو دەرفەتێک بەکار بهێنین بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی و یەکگرتووی و یەکخستنی هێزەکانمان، ئێمە لە چوارچێوەی ماناکانی جەژنەکانمان دا یەکدەگرین و هێزی خۆمان دەکەین بە یەک.

بۆ پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی تێکۆشانی ئازادی، پێویستە پیاوانی ئایینی و باوەڕدارانمان ڕۆڵی خۆیان وەک ڕابەران و پێشەنگەکانی کۆمەڵگا بگێڕن و لە هەموو شوێنێکدا داوای پاراستنی کوردستان بەرز بکەنەوە.

ئێمە دووبارە ئەم جەژنە دێرینە لە پێش هەموانەوە لە گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەین و هیوای ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەمان کوردستان دەخوازین".

ژ.ت