هەکەئۆ دووەم کۆنفڕانسی سەربازی خۆی ساز کرد

سوپای رزگاری گەل (هەکەئۆ) دووەمین کۆنفڕانسی سەربازی خۆی سازکرد. لە کۆنفڕانسەکەدا باس لەوە کرا کە پێویستە بە گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورە وەڵامی رێبازی گۆڕدراوی شەڕ بدرێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆمسیۆنی سەربازی پارتی کۆمۆنیستی مائۆئیست (هەکەئۆ) دووەم کۆنفڕانسی سەربازی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچووە.

لە ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکەدا راگەیەنراوە، کە قۆناغی ئێستا بە بەرفراوانی هەڵسەنگاندنی بۆکراوە و ئاماژە بە گرنگی ئەو رووداوانە دراوە کە لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی روودەدەن.

لە کۆنفڕانسەکەدا ئەو پێناسەیە بۆ رژێمی ئێستا لە تورکیا کراوە، "دەوڵەتی تورکی فاشیست کە دوژمنی گەلانی تورکیا-باکوری کوردستانە، لەگەڵ هەموو دەسەڵاتێکیدا خوێنی گەلان دەمژێت".

هەر لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە، کە فاشیزم سەرباری تەکنەلۆژیا و تەکنیکەکانی خۆی، وێڕای تەونی هەواڵگرییەکەی و شەڕی دەروونی لەبەرامبەر گەریلا لە رووی ستراتیژییەوە تووشی بێدەرەتانی بووە.

لە کۆنفڕانسەکەدا ئاماژە بە راستی ئەو شەڕەی گۆڕدراوە کراوە و راگەیەنرا، "پێویستە بە گوێرەی ئەوە گۆڕانکاری گەورە ئەنجامبدرێت و وەڵام بە راستی ئێستای شەڕ بدرێتەوە. ئەوەش ئەرکی مێژوویی و رۆژانەی ئێمەیە، ئەرکی ئێمەیە لەبەردەم شۆڕش و جەماوەردا. وەک شوێنکەوتوانی ئەو کەسانەی بە شەڕکردن فێری شەڕ بوون، وەک دوێنێ ئەمڕۆش بە شەڕ کردن فێر دەبین و شەڕ فێردەکەین".

لە ئەنجامنامەکەدا بۆ شەڕ لە سەنگەرەکانی شەڕی گەلی سۆسیالیست بانگەواز کراوە.

لە کۆتایی ئەنجامنامەکەدا شەهیدانی شۆڕشی تورکیا-باکوری کوردستان بە بیرهێنراونەتەوە.

هـ . ب