هێرش بە گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندنگەی کچان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

ماوەیەکە هێرش بە گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندگەکانی کچان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندنەوە و ئەوەش ناڕەزایەتی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك، دوێنێ یەکشەممە لانیكەم بە گازی ژەهراوی هێرشكراوەتە سەر زیاتر لە ٨٠ خوێندنگە و بەشە ناوخۆیی كچان لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لەئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، تەنیا دوێنێ زیاتر لە هەزار خوێندكاری كچ گەیەندرانە نەخۆشخانەكان و چارەسەری پزیشكیان بۆكراوە.

هەر دوێنێ، لەدژی ئەو هێرشانە بنەماڵەی خوێندكاران لە چەند شارێك، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، كە لە زۆربەی شوێنەكان، هێزەكانی دەسەڵات هێرشیان كردە سەر بنەماڵەكان.

ئەمڕۆ دووشەممەش لە شارەکانی سنە، تیکاب و نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گازی ژەهراوی هێرش کرایە چەند خوێندگەیەکی کچان.

هێرش بۆ سەر خوێندنگەكانی كچان ماوەی نزیكەی سێ مانگە دەستیان پێكردووە و سەرباری تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە، بەرپرسانی دەوڵەت بەمەبەستی كۆتاییهێنان بەو هێرشانە، هیچ هەنگاوێكیان نەناوە و لێداوانی دژ بەیەكیش لەو بارەوە دەدەن و بەتایبەتی پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن، كە دەستی دوژمنان بەمەبەستی نانەوەی پشێوی لە پشت هێرشەكانەوەیە.

لەبەرامبەردا چالاكوانان و بەرهەڵستكارانی ئێران ئاماژە بەوە دەكەن، هێرشەكان تۆڵەسەندنەوەیە لە ژنان، بەو پێیەی پێشەنگایەتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی دەكەن، ئەمە جگە لەوەی هەندێكی دیكە پێیان وایە، لایەنە توندڕەوەكانی سەر بە دەسەڵات، كە دژی خوێندنی كچانن لە پشت ئەو هێرشە ڕێكخراوانەوەن.

هەر سەبارەت بەو هێرشە ژەهراوییانە، كۆردیناسیۆنی كۆمەڵگەی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان -كەجەرە لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردووە، “ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار، كە بە درووشمی ژن ژیان ئازادیی لەدژی فاشیزم و داگیركەری لە لووتكەی بەرخودان دان، هاوشێوەی ئەو هێڕشانەی، كە بە چەكی كیمیاوی دەكرێتە سەر گەریلاكانی كوردستان لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لەقەڵەم دەدەین، چونكە ژەهراوی كردن و بە كارهێنانی هەر جۆرە چەكی دژە مرۆیی و لەناودا چەكی كیمیایی، كلتورێكی فاشیستانە و پیاوسالارانەیە، كە بە هیتلێر و سەدام دەستی پێكرد و بە ئەردۆغان و خامنەیی بە ڕێ و ڕێبازی چەپەڵ بەردەوام دەكات”.

كەجەرە داواشی لە خوێندكاران، گەنجان و بنەماڵەكانی خوێندكاران كردووە، كە لە دژی ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن و بەیەكگرتوویی بڕژێنە شەقامەكان و پەرە بەسەرهەڵدان بدەن.

هـ .ب