هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک لە ئانڤێرسی بەلجیکا ئیدانە کرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە هێرشە داگیرکەرییەکانیدا ئیدانە کرد و رایانگەیاند، هەموو ڕۆژێک لە گۆڕپانەکاندا پشتیوانی لە گەریلاکان دەکەن، کە لە سەختترین هەلومەرجدا بەرخۆدان دەکەن.

کوردانی دانیشتووی بەلجیکا بە رێکخستنی رێپێوانێک دەوڵەتی تورک-یان بە هۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر کوردستان شەرمەزارکرد.

لە چالاکییەکەدا ئەندی ڤێرماوت وتەبێژی ڕێکخراوی ئاشتیی بەلجیکا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان چەکی کیمیایی بەکارهێناوە بۆ کوشتنی کورد و جیهانیش بەرامبەر ئەوە بێدەنگەى کردووە.

ڤێرماوت باسی لە پشتیوانیکردن لە گەلی کوردی خۆڕاگر و بەرەنگار کرد.

هەروەها داود کەسکین هاوسەرۆکی ناڤ-بێل ڕایگەیاند، گەریلاکان لە هەلومەرجی سەختدا تێدەکۆشن و جەختی لەوە کردەوە، گەلی کورد لە شەڕدا سەردەکەوێت.

 کەسکین ڕاشیگەیاند، "بەکارهێنانی کیمیایی و کیمیابارانکردن لەلایەن چەتەکانی عوسمانییەوە، نیشانەی شکستیانە" و وتی، ئەوان شانازی بە گەریلا خۆڕاگر و بەرەنگارەکانەوە دەکەن و پێیان سەربەرزن و هەموو ڕۆژێک لە گۆڕەپانەکانی بەلجیکادا بە چالاکیی جۆراجۆر پشتیوانی لە گەریلا دەکەن.

ژ.ت