یەک لە پشتیوانانی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد' سکرتێری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی یەکێتی سەندیکا کرێکارییەکانی وڵاتی باسک ، کاڵدۆ ساینز دی بێنیتۆ سەبارەت بە دیدارەکەی عومەر ئۆجالان لەگڵ گەڵ رێبەر ئاپۆ و پەیامەکەی رێبەر ئاپۆ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات هەڵسەنگاندنی کرد.
ساینز دی بێنیتۆ لەوبارەوە وتی، "بە بڕوای من بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخێکی گرنگ و گەورەی بەو جۆرە دەبێت مرۆڤ رەهەند و فاکتەری جیاجیا رەچاو بکات و هەڵیبسەنگێنێت.
لەلایەکەوە دوای ٤٣ مانگ، کە هیچ کەشێک زانیاری لەبارەوە نەبوو، نەدەزانرا زیندووە یان نا، کاربەدەستانی تورک رێگەیان بە دیداری بنەماڵەدا، ئەوەش دۆخێکی سیاسیە. بێگومان دەبێت ئێمە ئەوە بە سەرکەوتنێکی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' دابنێین کە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دەتوانێت تورکیا ناچار بە هەڵگرتنی هەنگاو بکات و بەهۆی ئەم سەرکەوتنەشەوە دەبێت پیرۆزبایی لە خۆمان بکەین. لەبەر ئەوەی هەوڵەکانی ئازادیی ئۆجالان ئەنجامێکی بەدەستهێناوە.
لەلایەکی دیکەشەوە رەهەندێکی مرۆیی هەیە کە مرۆڤ دوای ماوەیەکی زۆر دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت کەسێک ببینێت کە خۆشی دەوێت. ئەوەش ورە و جۆش و خرۆشی بە گەلی کورد بەخشی و زانی ئۆجالن سەلامەتە و تەندروستیشی باشە. هاوکات ئەوەی دەریخست کە تێکۆشان ئەنجامی لێدەکەوێتەوە.
ئێمە وەک باسکیەکانیش لە نزیکەوە دۆخی سزادراوانی سیاسی دەزانین، هەربۆیە لە گرنگیی مرۆیی و سیاسی دیداری زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بنەماڵە، دۆست و کۆمەڵگەکەیان تێدەگەین. گۆشەگیری هەوڵدانە بۆ دابڕاندنی ئەوان لە هەموو پێشهاتەکان، بێبەشکردنیان لە بنەماڵە، دۆستان و کۆمەڵگەکەیان. سەردانی برازاکەی بێگومان بۆ ئۆجالان مایەی دڵخۆشی کەسییە، لە هەمان کاتدا بڕوای سیاسیش بەهێزدەکات."
'عەبدوڵا ئۆجالان هەڵوێستی خۆی بۆ لایەنگری و داکۆکی لە ئاشتی نیشاندا'
کالدۆ ساینز دی بێنیتۆ هەڵسەنگاندنی بۆ پەیامەکەی رێبەر ئاپۆ کرد کە ئاراستەی رای گشتیی کردبوو و لەو رووەوە ئەوەی خستەڕوو کە پەیامەکە دەریدەخات کە پێداگرە لەسەر چارەسەری سیاسی پرسی کورد. دی بێنیتۆ وتی، "هەروەک ئۆجالان لە پەیامەکەیدا نیشاندا، لەپێناو پرسی کورددا بەدوای چارەسەرێکی دیموکراتیک و سیاسی بەرفراواندا دەگەڕێت، دەیەوێت هەلومەرجی سیاسی بخوڵقێنێتقۆناغەکە لە شەڕەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێکی دیموکراتیک.
گەر جیاوازیەک هەبێت، ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی ئەو ڕێگەیە کە تەڤگەری سەربەخۆبوونی باسک لەپێناو ئاشتی و دیموکراسی چەکی دانا. بە بۆچوونی منیش عەبدوڵا ئۆجالانیش دەیەوێت بە هەمان شێوە بچێتە ناو پرۆسەیەکی دیموکراسییەوە و لە نێو ئاشتی و دیموکراسیەکی خوڵقێنراودا گەلی کورد لەسەر ئایندەی خۆی بڕیار بدات. بە بۆچونی من هیچ ڕێبازێکی دیموکراتیکی لەمە گەورەتر نیە."
دی بینیتۆ دەستنیشانیکرد بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هاوپشتیی هەموو لایەنەکان هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا بێدەنگ نەبێت، بۆ پێکهێنانی ئاشتی دادپەروەرانە لە کوردستاندا پەرە بە میکانیزمی سیاسی بدات و وتی: "لەوباوەڕەدام ڕێکخستەنە پاڵپشتییەکان بەم شێوەیە درێژە بە هەوڵەکانیان دەدەن، پێویستە بەردەوام بین لە پشتیوانی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان و داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی بکەین ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن."
دی بینیتۆ ئاماژەی بە گرنگی هەڵمەتی ئازادی کرد. جەختیکردەوە لە بەرفراوانکردنی تێکۆشان و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئەنجامدانی چاوپێکەوتن دوای ٤٣ مانگ دەرنجامی فشاری نێونەتەوەییە، گۆڕینی هەڵوێستی وڵاتێکی بەهێزی وەک تورکیا پێویستی بە فشارێکی گەورە هەیە."