ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ١٠:٠٠ بەکاتی ناوەندی ئەوروپا، لە شاری ئاڵستی وڵاتی بەلجیکا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە هەستا بەڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژ کە تێیدا دەیان کەسایەتی لە رۆشنبیران، ئەکادیمیکاران، نووسەر و رۆژنامەوان و هونەرمەندانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشدارن.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، ڕاوەستە لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان، هێرش و داگیرکاری تورکیا دژی ئەو بەشەی وڵات و سەرجەم دەستکەوتەکانی کورد، چارەسەری گرفتەکانی نێوماڵی کورد و یەکیەتی نەتەوەیی کرا و بەفراوانی قسەوباس و گفتوگۆی ڕووبەڕوویان لەسەر کرا.
کارەکانی کۆبوونەوەی ڕاوێژ لە ئێستادا بەردەوامە و بڕیارە تا ئێوارەی ئەمڕۆ درێژە بکێشن.
بەر لە کۆبوونەوەکەش هاوسەرۆکانی کەنەکە زەینەب موراد و ئەحمەد قەرەموس لە پەیامێکیاندا بۆ بەشداران ئاماژەیان بە هەستیاری بارودۆخی ئێستای کوردستان، هێرش و داگیرکاری تورکیا، بەرخودانی گەریلا دژی داگیرکاریەکە، چارەسەری کێشە و گرفتکانی نێوماڵی کورد بە دیالۆگ و گرنگی هەڵوێستی نەتەوەیی بەرامبەر بەو بابەتانە داوە.
تەواوی پەیامەکەی هاوسەرۆکانی کەنەکە:
دەوڵەتی تورکیا رۆژی 24.04.2024 دەستی بە هێرشێکی بەرفراوان کرد بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا لە باشووری کوردستان. نزیکەی دوو مانگە لەو هەرێمەدا شەڕێکی سەخت بەڕێوەئەچێت. هێزەکانی هەپەگە بە قارەمانیەکی فیداکارانە لە بەرگریدان. ئەم هێرشە بەرفراوانە هەر بە تەنیا لە دژی هێزەکانی پاراستنی گەل ( هەپەگە ) نین، بەڵکو لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی کوردانە، بە تایبەتیش لە باشووری کوردستان.
24ی نیسان ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیەکانە. دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا لەو رۆژەدا بە رێکەوت نییە. پەیامێکی ئاشکراو روونی دەولەتی تورکیایە، پەیامی کۆمەڵکوژییە.
لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، لە ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا، وەک پێویست دەنگی ناڕەزایەتی بەرزنەبۆتەوە و پەرچەکردار کەمە. پێویستە ئەو بێدەنگییە بشکێندرێ و لەبەرامبەر هێرش و داگیرکاریی نارەزایەتی و هەلوێست پیشان بدرێت. پێویستە هێزە بەرگریکارەکان هەڵوێست و دەنگی هاوکاریی ئێمە لەگەڵ خۆیان، ببیستن. کەچی بەداخەوە تا ئێستا ئەو هەڵویست و دەنگە وەک پێویست نییە. سەرباری ئەوەش لە 5ی مانگی حوزەیرانەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هێزەکانی خۆی بردۆتە ناوچەکانی شەڕ، گرژی و ئاڵۆزیی لە نیوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا پەیدا بووە. بارگرژیی نێوان ئەو دوو هێزەش مەترسی شەڕێکی ناوخۆیی لێ ئەکرێت. بێگومان هەر شەڕێکی ناوخۆییش بە ماڵوێرانیی بۆ خەڵکی کوردستان و بە سوودی نەیارانی تەواو ئەبێت. هەرچۆنێک بێت، نابێت بەهیچ جۆرێک شەڕێکی ناوخۆیی لە نیوان هێزە کوردستانیەکاندا رووبدات.
بۆ ئەو مەبەستە ئێمە ئەمانەوێت بە بەشداریی ژمارەیەک لە رۆشنبیران، ئەکادیمیکاران، نووسەرو رۆژنامەوان، هونەرمەند و کەسایەتی کوردستانیی، کۆبوونەوەیەکی راوێژ بەڕێوەببەین. کۆبوونەوە هەر بۆ ئەوە نییە کۆببینەوەو بەیاننامەیەک دەربکەین و بڵاوەی لێبکەین، بەڵکو ئامانج ئەوەیە پێکەوە وتوێژ و راوێژی بەرفروان بکەین و بگەینە ئەنجامێک بۆ پەیداکردنی رێگای چارەسەریی گرژییەکان.
هـ.هـ